مەسرور بارزانی رێگەی هەولێر - گۆمەسپانی کردەوە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  299 جار خوێنراوەتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دوو سایدی هەولێر - گۆمەسپانی كردەوە. لە رێوڕەسمەکەدا داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مەسرور بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی کردنەوەی رێگەکە "دەستخۆشی"ـی لە كۆمپانیای هێمن گرووپ کرد کە جێبەجێکاری پڕۆژەکە بوو كە "توانیویانە ئەم پرۆژە گەورەیە وەک هەمیشە لە كاتێكی پێوانەیی و بە شێوازێكی زۆر جوان و ستانداردێكی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكەن و بیخەنە خزمەتی خەڵكی كوردستان".
 
دەقی وتەکانی مەسرور بارزانی
 
بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا
 
پێش هەموو شتێک شوکر بۆ خوا کە دەرفەتی پێ داین بتوانین ئەم خزمەتگوزارییە پێشکەشی خەڵکی هەموو کوردستان بکەین بە تایبەتی خەڵکی شاری هەولێری خۆشەویست و دەوروبەری. سوپاسێکی بێ پایانی هێمن گرووپ دەکەم کە وەک هەمیشە لە کاتێکی پێوانەیی، بە شێوازێکی زۆر جوان و ستانداردێکی نێودەوڵەتی توانیان ئەم پڕۆژە گەورەیە جێبەجێ بکەن و بیخەنە خزمەتی خەڵکی کوردستان.
 
لێرەدا بە تایبەت دەمەوێ دەستخۆشی لە ئەندازیاری بەتوانا، کاک ئەمیر و هەموو ئەو فەرمانبەر و ئەندازیار و ئەو کەسانە بکەم کە کاریان تێدا کردووە. دەستخۆشی لە هەمووتان دەکەم. ئێمە زۆر دڵخۆشین و سەربەرزین کە لە هەرێمی کوردستان ئێستا کۆمپانیای وامان هەیە بتوانن پڕۆژەی وا گەورە بەم ئاستە بەرزە دروست بکەن. ئینشاڵڵا نموونەتان زۆر بێ.
 
سوپاسی جەنابی وەزیر، جەنابی پارێزگار و هەموو ئەو بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارانە دەکەم کە زەحمەتیان کێشا و بەشدار بوون لە بەجێگەیاندن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە.
 
ئەمە پرۆژەیەکی گەورەیە کە دەتوانێ خزمەتی هاتوچۆی هاووڵاتییان بکات و لە هەمان کاتدا بابەتی سەلامەتیی هاووڵاتییانیش لەبەرچاو گیراوە و بێگومان هاووڵاتی پارێزراوتر دەبێت. هەموومان بەو ڕیگایەدا هاتوچۆمان کردووە، من بیرمە زۆر جار سەردانی هەولێرمان دەکرد یا بەم ڕێگایەدا دەگەڕاینەوە، بە ڕاستی جێگەی مەترسی بوو. بەڵام ئێستا کە ئەم ڕێگایە بەم شێوازە دروست کراوە، هەم هاووڵاتییان دەتوانن بە کاتێکی کەمتر سەردانی ناوچە دڵخوازەکانی خۆیان بکەن، هەم خەڵکی دەوروبەری هەولێر دەتوانن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان سەردانی هەولێر بکەن. ئەمەش ئاسانکاری دەکات بۆ بەیەکەوە بەستنی شار و شارۆچکەکان لە نێوان هەموو شارەکانی کوردستان. بە تایبەتی ئێرە کە هەولێر بە گۆمەسپان و دۆڵی سماقوڵێ و ڕێگای کۆیە و سلێمانی دەبەستێتەوە، لە لایەکی تریشەوە دیسان ئەمە بەردەوام دەبێت بە گەڕانەوە بە ڕێگەی بەستۆرە و جارێکی تر بۆ هەولێر.
 
شوێنی گەشتیاریی زۆر لەم دەڤەرە هەیە و هێندێکی دەستی پێ کراوە و بوونەتە شوێنی گەشتیاری، بە تایبەتی بەنداوی گۆمەسپان کە ئێستا دروست کراوە و پێشتریش ڕێگایەکی هاوشێوەی ئەمە لە دەوری بەنداوەکە دروست کراوە کە ئەمە ئاسانکاریی زۆر دەکا بۆ خەڵکی کوردستان و هەولێر کە ئینشاڵڵا لە وەرزی بەهاردا کە هیوادارین وەرزێکی خۆش بێ، چێژ لەو سروشتە جوانەی کوردستان وەربگرن.
 
داواکاریی من لە خەڵک ئەوەیە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن و بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و هاووڵاتییانی تر، بەخێرایی ئوتۆمبێل لێنەخوڕن. هیوادارین هەمووتان سەربەرز بن، ئێمەش بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بکەین.
 
جارێکی تر پیرۆزە لە هەمووتان.
 
زۆر سوپاس


   ئەمانەش بخوێنەرەوە