لە سلێمانى دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەستپێدەکاتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
517 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکى شارەوانى سلێمانى رایگەیاند: خۆمان بۆ قۆناغى چوارەمى دابەشکردنى زەوى بەسەر فەرمانبەراندا ئامادە دەکەین و هەوڵدەدرێت لە کۆتایى ئەمساڵیشدا پڕۆسەى تاپۆکردنى موڵکە زیادەڕەوەکان تەواو بکرێن.
لەیلا عومەر سەرۆکى شارەوانى سلێمانى، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئێستادا کارەکان بۆ تاپۆکردنى خانووە زیادەڕەوەکان بەردەوامە و لیژنە لاوەکییەکان لەگەڵ لیژنە ناوەندییەکانى پارێزگاى سلێمانى لە هەوڵدان کە تەواوى بکەن و نزیکبوەتەوە لە کۆتایى پرۆسەکە، کە زیاتر لە 8 هەزار موڵکى زیادەڕەو بەرەو تاپۆکردن چووە و ئەوەى ماوەتەوە ئێستا کارى لەسەر دەکەن، هاوکات هەوڵدەدرێت لە کۆتایى ئەمساڵدا تەواو بکرێت.
ئەوەشى خستەڕوو: کارەکان لە لایەن لیژنەکانەوە بە مەبەستى هەڵبژاردنى پێگە بەردەوامە، بۆ ئەوەى دواتر بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت و کاردەکەن لەسەر ئەو پێگانەى کە پێشتر بە ژمارەى هەوایى دابەشمان کردون.
ئاماژەى بە ئەوەشدا: تا ئێستا لە قۆناغى یەکەم، دووەم و سێیەم 21 هەزار، پارچە زەوى بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە و ئێستاش خۆمان بۆ قۆناغى چوارەم ئامادە دەکەین.
روونیشى کردەوە: ئێستا کارەکان رووبەڕووى لیژنەیەک کراوەتەوە لە لایەن ئەنجومەنى شارەوانى و لیژنەیەک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو قۆناغەکانى پێشتر، دراسەى شوێنى نیشتەجێ بوون دەکەن و هەفتەى رابردوو راپۆرتى خۆیان تەسلیمى ئەنجومەنى شارەوانى کرد و بەم نزیکانەش کارەکان باشتر و خێراتر دەبن.
|