خانەنشینانی کوردستان: بێدەنگی دەشکێنین و دێینە سەرجادە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
233 جار خوێنراوەتەوە
خانەنشینانی کوردستان بێدەنگی دەشکێنن و ئاگاداری دەدەنە حکومەت، ئەگەر کێشەکانیان چارەسەر نەکرێت و بەدەنگیانەوە نەچن، بێدەنگی دەشکێنن و دێنە سەرجادە، پەیامێکیشیان دایە حکومەت و وتیان: لەجیاتی بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆتانەوە بن، بەدوای بەرژەوەندی مووچەخۆراندا بن.
یەکێتی خانەنشینانی کوردستان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای ماف و مووچە و قوتی خۆیان کرد و رایانگەیاند: چەندین ساڵە هەموو ئومێدمان لەسەر 2026 هەڵچنیبوو بۆئەوەی مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا بێت و دۆخمان باش ببێت و لانی کەم هاوتای بەغداد بین، بەڵام بەداخەوە هەر لە ئێستاوە دواخستنی موچەکانمان دەستیپێکردووە، ئێمە یان دەنگمان باش ناگات یان پشتگوێی دەخەن، لەجیاتی بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆتانەوە بن، بەدوای بەرژەوەندی مووچەخۆراندا بن.
وتیشیان: ئێمە تا ئێستا بێدەنگیمان هەڵبژاردوە لەبەر ئەوەیە لەبەردەم نەیاراندا نەتانشکێنین و نامانەوێت دەنگمان لەناوخۆ زیاتر بڕوات و ئامادەین دور لەچاوی کامێراش لەگەڵ بەرپرسانی ئەم هەرێمە دابنیشین و کێشەکانمان باس بکەین، بەڵام کەنایەنە خەت ناچارین بە شێوازی تر دەنگی خۆمان بگەیەنین و ئاگادارتان دەکەیەنەوە کە خەڵک زۆر پڕە و بەهەموو جۆرێک ئامادەین بێینە سەر جادە.
ئاماژەیان بەوەکرد: ئەو خانەنشینانەی لە ساڵی 2025 خانەنشین کراون، دەیان کێشەیان هەیە و هەرچی شایستەیە بۆیان خەرج نەکراوە، هاوکات سەرجەم ATM ەکان کێشەیان هەیە و بونەتە بارگرانی بۆ مووچەخۆران و کارناکەن و قەرەباڵغی دروستدەبێت، کەدیسان ئەمەش بارگرانییەکی ترە بۆ مووچەخۆران.
ئەوە لەکاتێکدایە هەر دوێنێ كۆمەڵەی كەمئەندامانی سەنگەر لەبارەی نەبەستنی مووچەی مانگی 10ی ساڵی پار کۆنگرەیەکیان ئەنجامدا و رایانگەیاند: تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو مۆڵەت دەدەینە وەزیرو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆئەوەی بەپەلە مووچەی مانگی 10ی ساڵی رابردوومان بۆ ببەستێت، بەپێچەوانەوە دواتر هەڵوێستمان دەبێت و ئامادەشنین مووچەی مانگی یەك وەربگرین، وتیشیان: حكومەتی هەرێم لەسەر خوێنی ئێمە دروستبووەو دەبوایە لەبری ئەوەی مووچەكانمان رابگرێت و دەست بۆ قوتی منداڵەكانمان بەرێت، یاسای ژمارە 34ی خانەنشینی جێبەجێ بكردایە.
|