دیمەشق و هەسەدە لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست رێککەوتن

2   کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەسەر درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستە رێککەوتن کە ئەمڕۆ شەممە دوایین رۆژی بوو، ئەمەش بەپێی سێ سەرچاوە کە بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس) قسەیان کردووە؛ لە کاتێکدا ئەمریکا چەکدارانی پێشووی (داعش) لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە.
 
تائێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەلایەن هەردوولاوە سەبارەت بە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دوو سەرچاوە بە فرانس پرێسیان راگەیاند، درێژکردنەوەکە بۆ مانگێک دەبێت وەکو زۆرترین ماوە.
 
چەند رۆژێکە ئاگربەستێک لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی بەرفراوان لەنێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە جێبەجێ دەکرێت، تێیدا هاتووە کە گفتوگۆکان لەسەر داهاتووی تێکەڵکردنی دامەزراوە کوردییەکان لە پارێزگای حەسەکە لە چوارچێوەی دامەزراوە حکومییەکاندا تەواو بکرێن، ئەوەش دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوچە بەرفراوانەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە دیمەشق بۆ فرانس پرێس جەختی لە درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە کردەوە "بۆ ماوەیەک، کە رەنگە بگاتە مانگێک وەکو زۆرترین کات."
 
هاوکات سەرچاوەیەکی حکومەتی سووریا بە فرانس پرێسی راگەیاند، رێککەوتنەکە "بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ماوەی مانگێک" درێژ دەکرێتەوە. روونیشی کردەوە، "تەواوکردنی پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی رێکخراوی داعش یەکێکە لە هۆکارەکانی درێژکردنەوەکە."
 
سەرچاوەیەکی کوردیی ئاگادار لە دانوستانەکانیش بەو ئاژانسە هەواڵییەی راگەیاند، ماوەی ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە "تاوەکو ئەو کاتەی دەگەینە چارەسەرێکی سیاسی کە هەردوولا رازی بکات."
 
هاوکات لەگەڵ ئاگربەستەکە، ئەمریکا دەستی کردووە بە پڕۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، کە بەگوێرەی سێنتکۆم، ژمارەیان "دەگاتە 7000 دەستگیرکراو."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە