وەزارەتی دارایی رێنمایی نوێی بۆ خەرجییەکانی 2026 دەرکرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا
38 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان یەکەم گشتاندنی دارایی بۆ ساڵی 2026 دەرکرد، تێیدا میکانیزمی خەرجکردنی پارە، پێشینە و مامەڵە داراییەکانی دیاریکردووە. بەپێی بڕیارەکە، خەرجییەکان بەپێی سیستمی 1 لەسەر 12ی خەرجیی کرداریی ساڵی 2025 دەبن و سەرجەم مامەڵەکان دەکرێنە ئەلیکترۆنی.
بەگوێرەی نووسراوی وەزارەتی دارایی ژمارە (588)، کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، رێنوێنییەکان تایبەتن بە رێکخستنەوەی خەرجی و داهات تاوەکو پەسندکردنی بودجەی ساڵی 2026.
وەزارەتی دارایی دەڵێت، خەرجییەکان لە چوارچێوەی (1/12)ی خەرجیی کرداریی ساڵی 2025 دەبن. لە گشتاندنەکەدا هاتووە، "راگرتنی سەرجەم پاداشت و هاوکارییەکان، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان یان ئەو دۆخانەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی داراییان هەیە."
هەروەها بڕیاردراوە بە راگرتنی خەرجییە سەرمایەدارییەکان، مەگەر لە دۆخی زۆر پێویستدا نەبێت و پێویستە لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە داوابکرێت.
یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی گشتاندنەکە، پابەندکردنی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانە بە بەکارهێنانی سیستمی ئەلیکترۆنیی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان (KFMS).
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "هەموو ئەو خەرجییانەی پەیوەستن بە بودجەی بەکارخستن، تەنیا بە شێوەی دیجیتاڵی و لە رێگەی سیستمی (KFMS)ەوە دەبێت، هەر داواکارییەکی کاخەزییش رەتدەکرێتەوە."
وەزارەتی دارایی دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەی بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکان بەم شێوەیە دیاریکردووە:
- تاوەکو 3 ملیۆن دینار، تەنیا بە لیژنەی کڕین دەبێت.
- لە 3 ملیۆن بۆ 100 ملیۆن دینار، بە لیژنەی کڕین و بە هەبوونی سێ ئۆفەر (خستنەڕوو).
- سەرووی 100 ملیۆن دینار، دەبێت بەپێی رێنمایی گرێبەستە گشتییەکان بێت.
سەبارەت بە ئیفاد و گەشتی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی مەرجی تووندی داناوە و رایگەیاندووە، "بەبێ رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، هیچ فەرمانبەرێک شاند و سەفەری دەرەوەی وڵات ناکرێ و وەزارەت هیچ پابەندبوونێکی دارایی ناکەوێتە ئەستۆ."
تەنانەت ئەو شاندانەی رەزامەندییان هەیە، دەبێت خەرجییەکەیان لەسەر پێشینەی مانگانەی فەرمانگەکەیان بێت.
خاڵەکانی دیکە رێنماییەکە
- پێشینەی مانگانەی (نثریة)ی فەرمانگەکان نوێ دەکرێتەوە.
- کرێی ئاو، کارەبا و تەلەفۆن لەسەر بنەمای پسووڵەی رەسەن و بە سیستمی ئەلیکترۆنی خەرج دەکرێ.
- هەر گرێبەستێک (وەک پاککردنەوە و خواردن) کە ماوەکەی تەواو دەبێت، دەبێت 90 رۆژ پێش تەواوبوونی داوای نوێکردنەوەی بکرێ.
- ئەو خەرجییانەی بە دۆلارن، دەبێت بەپێی نرخی گۆڕینەوەی دراوی بیانیی وەزارەتی دارایی هەژمار بکرێن.
|