ترەمپ : سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیرکراون
2026-01-03
147 جار خوێنراوەتەوە
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیرکراون و جەختی لەوەشکردووتەوە، "براونەتە دەرەوەی وڵاتەکەیان و لەناو فەنزوێلادا نەماون."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ نزیکەی کاتژمێر 02:00 بە کاتی ناوخۆی ڤەنزوێلا (کاتژمێر 9:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر)، دەنگی زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز کاراکاسی پایتەختی فەنزوێلای هەژاند. هاوکات لەگەڵ تەقینەوەکاندا، دەنگی فڕینی فڕۆکە بە ئاسمانی شارەکەدا بە نزمی بیسترا، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو دانیشتووانی پایتەختدا دروستکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا دەڵێ، جگە لە کاراکاسی پایتەخت، پارێزگاکانی میراندا، ئاراگوا و لا گوێلارا، کراونەتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کردووە کە هێرش بکرێتە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ڤەنزوێلا.
ئەم دۆخە لە کاتێکدایە، گرژیی نێوان ڤەنزوێلا و ئەمریکا لە ئاستێکی بەرزدایە. حکومەتی ئەمریکا پێشتر هێزێکی دەریایی گەورەی وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان بە ناوی "دژە مادە هۆشبەرەکان" رەوانەی دەریای کاریبی کردبوو.
بەرپرسانی واشنتن چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "هەموو بژاردەکان" بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی سیاسی و ئابووریی ڤەنزوێلا لەسەر مێزە.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی "هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکای رەتکردەوە و بە زۆر مەترسیدار" ناویبرد. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتییە.
وەزارەتی دەرەوەی ڤەنزوێلا رایگەیاند، "ئەم جۆرە هێرشانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە ناوچەی ئەمریکای لاتین و کاریبی."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە تەنیا دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی ڤەنزوێلایە" و هیچی دیکە نییە.
|