ئەحمەد شەرع: سەردەمی ئازار لەسوریا رۆیشت و کاتی بنیاتنانە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، هەڵگرتنی یەکجارەکی سزاکانی سەر وڵاتەکەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" ناوبرد و رایگەیاند، دوای 14 ساڵ لە گەمارۆی ئابووری، ئەمڕۆ یەکەم رۆژە کە سووریا بێ سزایە.

ئەحمەد شەرع لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە چیای قاسیوونی دیمەشقەوە بڵاویکردەوە، قسەی بۆ خەڵکی سووریا کرد. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ واژۆکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی (یاسای قەیسەر) لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە؛ یاسایەک کە دوایین پاکێجی گەورەی سزاکانی ئەمریکا بوو بۆ سەر سووریا و لەماوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا سەپێنرابوو.
 
شەرع وتی: "بە فەزڵی خودا و دواتر بە هەوڵ و ئارامگرتنی ئێوە لەماوەی 14 ساڵدا، ئەمڕۆ یەکەم رۆژە کە تێیدا سووریا بێ سزایە."
 
سەرۆکی سووریا ، ستایشی "قوربانیدان"ی گەلی سووریای کرد لە کاتی شۆڕش و جەنگی نێوخۆییدا.
 
ئاماژەی بەوەشکرد: "سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی لە شۆڕشی پیرۆزی سووریادا قوربانییان دا و بەرگەیان گرت؛ ئەوانەی چەکی کیمیاییان هەڵمژی؛ ئەوانەی کۆچیان کرد و خاکی خۆیان جێهێشت؛ ئەوانەی لە دەریاکاندا خنکان و خوێنی ئەو شەهیدانەی خاکی پیرۆزیان ئاو دا تاوەکو گەیشتینە ئەم سەرکەوتنە گەورەیە."
 
ئەحمەد شەرع ، سوپاسێکی تایبەتی ئاراستەی ترەمپ کرد بۆ "بەدەمەوەهاتنی بانگەوازی گەلی سووریا" و سوپاسی کۆنگرێسی ئەمریکای کرد بۆ لەبەرچاوگرتنی ئەو "قوربانییانەی" دراون.
 
هەروەها سوپاسی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەری کرد، لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە عەرەبی و ئیسلامی و ئەورووپا کە پشتیوانییان لە سووریا کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، شەرع داوای یەکڕیزیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات کرد و وتی: "گەلی مەزنی سووریا، ئەمڕۆ رۆژی ئێوەیە. سەردەمی ئازار رۆیشت و سەردەمی بونیادنان دەستیپێکردووە."
 
کۆنگرێسی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای قەیسەری پەسەند کرد کە ساڵی 2019 سەپێندرابوو. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە