ئەمەریکا لیستی ناوی گرووپە چەکدارەکانی داوەتە بەغدا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
10 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق وردەکاریی پەیامە هەستیارەکانی واشنتن بۆ بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەمەریکا لیستی ناوی ئەو کەس و گرووپانەی ڕادەستی حکوومەت کردووە کە لای واشتن هێڵی سورن هۆشداری ئەوەش دەدات هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەغدا بەردەوامن و کۆتاییان نەهاتووەل.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی حەدەس، ئاشکرای کرد، لایەنی ئەمەریکی لیستی ناوی ژمارەیەک کەسایەتی و گرووپە چەکدارەکانی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووەو، واشنتن لەسەر ئەو ناوانە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکات و بەپێی سیاسەت و یاساکانی خۆی مامەڵە دەکات.
سەبارەت بە بەشداری ئەو گرووپانە لە هەڵبژاردن و حکوومەت، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕوونی کردەوە، ئەوە پرسێکی ناوخۆیی عێراقە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە سیاسەتی سزاکانی واشنتن ڕوونە و ئەوان بەبێ گفتوگۆکردن جێبەجێی دەکەن.
هاوکات کێشە ئابوورییەکانی عێراقی نە بەستەوە بە بەشداری لایەنێک لە حکوومەت، بەڵکو هۆکارەکەی بۆ هەڵە لە بنەما و سیاسەتی ئابووری وڵات گەڕاندەوە.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، بەڵام بەشێک لەو پێشنیازانەی تیمە ئەمەریکییەکە دەیخەنەڕوو، لەگەڵ دەستوور و واقیعی سیاسی عێراقدا یەکناگرنەوە.
لەسەر ئاستی ئەمنی و هەرێمی، وەزیری دەرەوە هۆشداریدا لەوەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق کۆتاییان نەهاتووە و بەشێکن لەو گرژییە سەربازییەی لوبنان و سووریا و حزبوڵڵای گرتووەتەوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل فوئاد حسێن، دۆخەکەی بە چەقبەستوو وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئاڕاستەی ڕووداوەکان بەرەو دیالۆگ نین، بەڵکو بەرەو ئاڵنگاری دەڕۆن، هەرچەندە ئێران خوازیاری شەڕ نییە، بەڵام ئامادەکاری بۆ بەرپەرچدانەوە کردووە.
|