پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی سلێمانی چی لێهات؟

3   کاتژمێر پێش ئێستا  14 جار خوێنراوەتەوە

٧ڕۆژ زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنوری سلێمانی ئاشکرا دەکات و وتەبێژی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت ئامادەکاری بۆ قۆناغی سێهەمی پێدانی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەکرێت.

زەردەشت رەفیق وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێکی تایبەت بە ٧ڕۆژ ڕاگەیاند، بە دوو قۆناغ زەویی بەسەر فەرمانبەراندا لە سنوری سلێمانی دابەشکراوە و چاوەروان دەکرێت بەم نزیکانە قۆناغی سێهەم دەست پێبکات .

وتەبێژەکەی شارەوانی سلێمانی دەشڵیت، ئەو فەرمانبەرانەی زەوییەکان وەردەگرن لە ڕیگەی فەرمانگەکەی خۆیانەوە دەبێت ئەستۆ پاکی بهێنن، جەختیشیکردەوە دوای ئەوەی هەموو ڕیکارەکان تەواوبوون ڕێنمایی بۆ مامەلەکردن بە زەوییەکانیانەوە دەردەچێت.

بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا دوو قۆناغی دابەشكردنی زەوی لە سنوری سلێمانی ئەنجام دراوە، كە كۆی گشتی نزیكەی 20 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشكراوە بەڵام فەرمانبەران قسەیان بۆ ٧ڕۆژ کردووەو دەڵێن لەگەڵ ئەوەئ ژمارەی زەوییەکانمان وەرگرتووە بەڵام تا ئێستا نازانین زەوییەکانمان دەکەونە کوێ و نەمانتوانیوە زەوییەکانمان ببینین.

27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە دەدرێت بە فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە