یەکێتیی نیشتمانی لەخانەقین دانی بەشکستی خۆیدا نا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  400 جار خوێنراوەتەوە

بازنەی هەڵبژاردنی دیالە – خانەقینی یەکێتی نیشتمانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كردووە كە نەیانتوانیوە هیچ كورسییەك بەدەستبهێنن و دەبێت پێاداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ خاڵە لاوازەكان بكرێت.

شێخ جەمال سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی دیالە – خانەقین  و شێركۆ میروەیس، لێپرسراوی مەڵبەندی 8ی خانەقینی یەكێتی لە پەیامێكدا بۆ جەماوەر و خەڵكی خانەقین و دەوروبەری و سەرجەم ئەندام و كادیرانيان لە سنوری پارێزگای دیالە رایانگەیاندووە، "دوابەدوای كۆتاییهاتنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دەنگدانی كۆتایی 11-11، بەناوی بازنەی هەڵبژاردنی دیالە – خانەقین، سوپاس و دەستخۆشیمان بۆ تەواوی هەڤاڵان و كادیرانی سنووری خانەقین و ناوچەكانی دەوروبەری هەیە، كە ماندوو نەناسانە كۆڵان بەكۆڵان و گوند بەگوند بە مەبەستی سەرخستنی لیستەكەیان تێكۆشان و هەوڵیاندا".

ئاماژەشكراوە، "بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكان بەهۆی بەرزبونەوەی رێژەی دەنگدان بۆ سەروی 55% كەدەكاتە بەشداری سەرووی 600 هەزار دەنگدەر، سەرەڕای بەدەستهێنانی 29.000 هەزار دەنگ،  نەمانتوانی هیچ كورسیەك بەدەست بهێنین، بەڵام ئەمە ناكاتە ئەوەی هەموو شتێك كۆتایی هاتبێت، بەپێچەوانەوە دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێیە، كە بەرپرسیاریەتیەكەی لەسەر شانی هەموومانە و راستكردنەوە و پیاچوونەوەو بەدواداچوون بۆ خاڵە لاوازەكان چ بابەتی و چ تەكنیكی ئەركی سەرەكی داهاتوومانە".

روونیشیان كردووەتەوە، "وێستگەیەكی قورسی كاری رێكخراوەیی و نیشتمانیمان دێتە پێش، كەسەختترە لەهەموو قۆناغەكانی تر، بەڵام  بە لەبەرچاوگرتنی خەباتی چەندین ساڵە و خوێنی شەهیدان و هەموو ئەو پێشمەرگە و كادیرە دڵسۆزانەی كە قەڵغانی پاراستنی كوردستانیبوونی خانەقین بوون هەمیشە سەختیەكانمان بەئاسانی بڕیوە، ئەمەش كۆتا هەڵبژاردن نیە و لەمڕۆ بەدواوەوە بەوردی كار لەسەر راستكردنەوەی هەڵەو بەهێزكردنی پێگەیی رێكخراوەیی حزبەكەمان دەكەین لەسنورەكە، بێگومان چ لەسەر ئاستی سەرەوە و چ لەسەر ئاستی دیالە و خانەقینیش گۆڕانكاری ریشیەی و پێویست لەبەرنامەی سیاسی و بەرپرسیاریەتی ئەنجام دەدەین".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە