سبەی زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار عێراقی دەنگ دەدەن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
129 جار خوێنراوەتەوە
سبەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت، زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار هێزی چەکدار و زیاتر لە 26 هەزار ئاوارە دەتوانن دەنگ بدەن.
نیبراس ئەبوو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت تەواوکراون و سبەی کاتژمێر 07:00ـی بەیانی ناوەندەکانی دەنگدان دەکرێنەوە و کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە دادەخرێن.
باسی لەوەشكرد، کۆمیسیۆن دوای ئەوەی قوتابخانەکانی وەرگرت، هەموو پێداویستییەکانی رۆژی دەنگدانی بۆ گواستوونەتەوە و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.
بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ملیۆنێک و 313 هەزار و 980 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی تایبەت لە 809 ناوەند کە چوار هەزار و 501 وێستگە لە خۆدەگرن و بەسەر 19 پارێزگاکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دابەشكراون دەنگ دەدەن.
هاوکات لەگەڵ هێزە چەکدارەکان، 26 هەزار و 538 ئاوارە لە سەرانسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە کە بەسەر 26 ناوەند و 97 وێستگەی دەنگدان دابەشكراون.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی بە هەموو دەنگدەران و بە تایبەت هێزە چەکدارەکان دەدا، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە نهێنی دەمێنێتەوە، تەنانەت کۆمیسیۆنیش نازانێت دەنگدەران دەنگیان بە کێ داوە.
کۆمیسیۆن رایگەیاندووە، دەنگدان و ئامێرەکان بە شێوەیەکن کە هیچ ئاماژەیەکیان تێدا نییە بۆ ئەوەی دەنگدەر ئاشكرا بکەن، بەڵکو تەنیا دەنگەکەی هەژمار دەکرێت نەک ناسنامەکەی.
|