ناسنامەی تەرمە سووتاوەکەی لالەزار ئاشکرا بوو

7   کاتژمێر پێش ئێستا  39 جار خوێنراوەتەوە

دوای نزیکەی دوو مانگ و نیو لە ئاڵۆزییەکانی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، ناسنامەی تەرمی هاووڵاتییەک ئاشکرا بوو، کە گەنجێکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و پێشتر بەهۆی زۆریی سووتاویی تەرمەکەوە، نەدەناسرایەوە. کەسێکی نزیکی دەڵێت: "سبەی دەچین بۆ وەرگرتنەوە تەرمەکەی".
 
دوای دوو مانگ و 12 رۆژ لە شەڕەکەی هۆتێل لالەزاری سلێمانی، ئەمڕۆ ناسنامەی ئەو تەرمە ئاشکرا کرا، کە ئەندامێکی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بوو، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتاوییەکەیەوە لە دادپزیشکی سلێمانی نەدەناسرایەوە.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار وتی: "تەرمەکە گەنجێکە بەناوی رێکار عەبدولڕەزاق و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بووە".
 
سامان محەممەد، زاوای رێکار عەبدولڕەزاقە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە دادپزیشکیی سلێمانی پەیوەندیمان پێوەکرا، کە ئەنجامی پشکنین دەرچووە و تەرمەکە رێکار عەبدولڕەزاقە و دەبێت بچین بۆ هێنانەوەی".
 
رێکار عەبدولڕەزاق خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی بوو لە پارێزگای هەولێر و دانیشتووی شاری سۆران بوو، ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.
 
سامان محەممەد وتی: "سبەی دەچینە سلێمانی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی رێکار".
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆ ناسینەوەی تەرمەکە، پێشتر نموونە لە خوێنی برا گەورەی رێکار وەرگیراوە و دواتر داد پزیشکیی دڵنیابووەتەوە، کە تەرمەکە رێکارە، پەیوەندی بە ماڵباتەکەیەوە کردووە.
 
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی ئاگادار وتی: "لە رووداوەکەی لالەزاردا یەک کەس دیار نەبوو، یەک تەرمیش هەبوو کە نەدەناسرایەوە و روون بوو کە رێکارە، بەڵام رێکارە یاسایی و ئاینییەکان رێگربوون پێش پشکنینی دی ئێن ئەی، ناوەکە ئاشکرا بکرێت".
 
23ـی ئەیلوول، د. بەرزان محەممەد، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی سلێمانی بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت: "بەگوێرەی یاسا ئێمە دوو مانگ تەرمەکە دەهێڵینەوە، دوای ئەوەش دادوەر بڕیار دەدات، کە بە ئەگەری زۆرەوە لەم دۆسیەدا بڕیاری مانەوەی تەرمەکە لە دادپزیشکی درێژ دەکاتەوە و تاوەکو ئاشکرابوونی ناسنامەکەی".
 
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا لە لالەزاری سلێمانی، پێنج کەس کوژران، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و دوو لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی، دواتر تەرمی چواریان بەخاکسپێردران.
 
بەگوێرەی دەستەی مافی مرۆڤ، جگە لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، زیاتر لە 200 کەس لەوانەی لێیانەوە نزیک بوون لە رووداوەکەی لالەزاردا دەستگیرکراون.
 
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا جگە لە گیان لەدەستدانی پێنج کەس، 20 کەسیش لە هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە