سەیرکردنی فیلمێکی ترسناک ئەوەندەی پیاسەکردن کالۆری دەسووتێنێت
6 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەک لە بەریتانیا دەریدەخات، سەیرکردنی فیلمێکی ترسناکی 90 خولەکی یارمەتیدەرە لە سووتاندنی نزیکەی 150 کالۆری، کە ئەمەش دەشێت یەکسانبێت بە نزیکەی 30 خولەک پیاسەکردن.
توێژەرانی زانکۆی وێستمینیستەر لە لەندەن بۆیان دەرکەوتووە، لەکاتی سەیرکردنی فیلمی ترسناکدا لێدانی دڵ زیاد دەکات، بەمەش زیندەچالاکیی جەستە چالاکتر دەبێت کە هاندەرێکە بۆ سووتاندنی چەوری.
ریچارد ماکێنزی، نووسەری توێژینەوەکە و پسپۆڕی فیسیۆلۆژیی جەستە دەڵێت: ترس هۆڕمۆنەکانی ئەدریناڵین زیاد دەکات و لەگەڵ زیادبوونی ئەوەش، لێدانی دڵ و سووڕی خوێن زیاد دەبێت کە هاوشێوە دەبێت لەگەڵ بەپێ رۆیشتن و پیاسەکردن.
توێژەران هەندێک فیلمیان لەسەر خۆبەخشەکان تاقیکردووەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە، لەکاتی سەیرکردنی فیلمی The Shining نزیکەی 180 کالۆری، فیلمی Jaws نزیکەی 160 کالۆری و فیلمی The Exorcist نزیکەی 160 کالۆری سووتێندراوە.
جگە لەمەش، بۆ فیلمە کۆمیدییەکانیش ئەم سووتاندنی چەورییە دروستە و توێژینەوە هەیە دەیسەلمێنێت، سەیکردنی 10 بۆ 15 خولەکی فیلمێکی کۆمیدی، ئەگەری هەیە دوو تا 10 کالۆری بەهۆی پێکەنینەوە بسووتێت.
|