ترەمپ: جێگای داخە كە ناتوانم خۆم كاندید بكەمەوە

8   کاتژمێر پێش ئێستا  257 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە "ڕێگەی پێنادرێت" بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی وڵاتەكەی خۆی کاندید بکات، و بە "جێگای داخ" ناویبرد.

دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ چوارشەمممە لەناو فڕۆکەی تایبەتی سەرۆکایەتی، لە ڕێگەی گەشتێکیدا بۆ کۆریای باشور بە ڕۆژنامەنوسانی وت، "بەپێی ڕاپرسییەکان، ڕێژەی جەماوەریم لە بەرزترین ئاستیدایە".

ئاماژەی بەوەشكرد،  "وەک دەزانن، بەپێی ئەوەی خوێندومەتەوە، پێم وانییە ڕێگەم پێ درابێت جارێكی دیكە کاندیدبم، بۆیە دەبینین چی ڕودەدات، ئەمە جێگای داخە".

پێدەچێت ترەمپ بەم لێدوانە، کۆتایی بە ئەگەری هەوڵدان بۆ دوبارە کاندیدبونەوە هێنابێت.

هەموارکردنی 22ـی دەستوری ئەمریکا، ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات بۆ ماوەی سێ خول سەرۆکایەتی وەرگرێت، بەڵام ترەمپ لەدوای بردنەوەی خولی دوەم لە (تشرینی دوەم/11)ـی ساڵی رابردوەوە، بە ئاشکرا باسی بیرۆکەی کاندیدبونی کردوە.

مايک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، لەگەڵ ترەمپ لەسەر ئەو بابەتە قسەی کردوە و گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی کە هیچ ڕێگەیەکی گونجاو نییە بۆ هەموارکردنی دەستور لە کاتی گونجاودا بۆ ڕێگەدان بە ترەمپ تا بۆ خولێکی سێیەم خۆی كاندید بكات.

جۆنسۆن وتی، "ئەمە گەشتێکی نایابە، بەڵام پێم وایە سەرۆک دەزانێت، و من و ئەو لەسەر سنوردارکردنەکانی دەستور قسەمان کردوە".

جۆنسۆن ئاماژەی بەوەدا کە پرۆسەی هەموارکردنەکە پێویستی بە ڕەزامەندی دو لەسەر سێی ئەندامانی کۆنگرێس و پەسەندکردنی سێ لەسەر چواری ویلایەتەکان دەبێت، پرۆسەیەک کە بەپێی خەمڵاندنی ئەو، دەکرێت 10 ساڵ بخایەنێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە