نێچیرڤان بارزانی: قۆناغی داهاتوو، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوورە

14   کاتژمێر پێش ئێستا  40 جار خوێنراوەتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بانگەشەی حیزبەکەیدا بۆ بازنەی نەینەوا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، قۆناغی داهاتوو، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوورە و پارتی خۆی بۆ ئەو قۆناغە ئامادەکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کولتووری پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە جێگەی شانازییە".
 
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی حیزبەکەیدا بۆ بازنەی نەینەوا کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: ''رکابەری لە نەینەوا بەهێزە و دەبێت پارتی حیزبی یەکەم بێت". ئاماژەی بەوەشکرد: "پارتی چەند لە نەینەوا بەهێز بێ، لە بەغدا بەهێزتر دەبێت و ئەزموونیش سەلماندوویەتی پارتی لە هەر شوێنێک بەهێزبێت، ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەژیان لەو شوێنە هەیە".
 
"قۆناغی داهاتوو، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوورە"
 
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی وتارەکەیدا جەختی لە پێویستی و گرنگی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق کردەوە و رایگەیاند: ''ئەم هەڵبژاردنە بۆ عێراق لە قۆناغێکی مێژووییدا بەڕێوەدەچێت و قۆناغی داهاتووش، قۆناغی جێبەجێکردنی دەستوورە و پارتیش خۆی خۆ ئەو قۆناغە ئامادەکردووە''.
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ئەو کێشانەی دروست دەبن لە ئەنجامی جێبەجێنەکردنی دەستوورە، بۆیە دەبێت دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
 
لەبارەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان و لە نەینەوا، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: " نەینەوا هاوشێوەی عێراقێکی بچووکە و شوێنی فرەڕەنگی و پێکەوەژیانی پێکهاتە جیاوازەکانە و ئەو کولتووری پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستانیش هەیە جگای شانازییە و دەبێت بەردەوام بێت".
 
"کەس ناتوانێت پارتی لە شنگال جیا بکاتەوە"
 
لەبارەی دۆخی شنگال، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: ''پیلانێک هەیە بۆ دوورخستنەوەی پارتی لە شنگال، بەڵام کەس ناتوانێ پارتی و شنگال لە یەکدی جیابکاتەوە و ئەوەی بیەوێ دووبەرەکی لەنێوان کورد و پێکهاتەکان دروست بکات، دەبێت خەونەکانی بباتە نێو گۆڕ".
 
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیشی، "داعش ئەنجامی سیاسەتێکی هەڵە و ئەنجامی پەراوێزخستنی خەڵکێکی رەسەن بوو، بۆیە دەبێ عەقڵیەتی پەراوێزخستن کۆتایی بێت".
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان لەنێو حیزبە کوردستانییەکان زۆرترین بەربژێری لە نەینەوا هەیە کە 61 کاندیدن. لایەنەکان لەو بازنەیە کێبڕکێی بەدەستهێنانی 34 کورسی لە کۆی 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە