وەرەقەی دەنگدان گەیشتە هەرێم و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێ
3 کاتژمێر پێش ئێستا
47 جار خوێنراوەتەوە
123 پالێتی وەرەقەی دەنگدان گەیشتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و زۆترینیان نێردراوە بۆ پارێزگای سلێمانی، کۆی وەرەقەی گەیشتووی دەنگدان نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار وەرەقە دەبێ.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، "کۆمەڵێک کەلوپەل لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراون پێویستیی هەڵبژاردنن، بەڵام گرنگترینیان وەرەقەی دەنگدانە، شەوی دووشەممە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان."
وەرەقەی دەنگدان لیستێکە ناو و لۆگۆی هەموو حیزب و بەربژێرە سیاسییەکانی لەسەرە، دەنگدەر کاندید و حیزبی دڵخوازی خۆی تێیدا هەڵدەبژێرێت، کۆمیسیۆن تاوەکو رۆژی دەنگدان ئەو کارتانەی دەنگدان لای خۆی دەپارێزێت، پێش ئەوەی لە رۆژی دەنگداندا بەسەر دەنگدەراندا دابەش بکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییەکان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 123 پالێت وەرەقەی دەنگدانی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، هەر پالێتێک هەزاران وەرەقەی تێدایە. وەرەقەکان بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشکراون، کۆی گشتیی کاخەزە نێردراوەکانی دەنگدان بۆ هەرێمی کوردستان 3 ملیۆن و 497 هەزار و 650 کاخەزن.
ژمارەی ئەو وەرەقانەی بۆ پارێزگاکان نێردراون:
پارێزگای هەولێر: 1,257,650
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 1,361,600
پارێزگای دهۆک: 878,400
بڕیارە 11ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، موزەفەر عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هەماهەنگیی ئەمنیی کۆمیسیۆن لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "لە 5ـی تشرینی دووەم قوتابخانەکان لە وەزارەتی پەروەردە وەردەگرین و هێزە ئەمنییەکان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشدەکرێن بۆ پاراستنی وەرەقەکان و ئاسایشی رۆژی دەنگدان."
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 21.4 ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە.
دەنگدان بۆ هەڵبژاردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی و لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە دەبێت.
|