مەسرور بارزانی: قبوڵ ناكەین بەهاوڵاتی نمرە دوو سەیری كورد بكرێت
5 کاتژمێر پێش ئێستا
54 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دووپاتی دەكاتەوە، قبووڵ ناكەن لە بەغدا وەك هاووڵاتی نمرە دوو سەیری هاووڵاتییانی كوردستان بكرێت، بەڵكو شەریكی ڕاستەقینە دەبین لە عێراق.
ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.
مەسرور بارزانی وتارێكی پێشكەشكرد و ڕایگەیاند، قبووڵ ناكەن لە بەغدا وەك هاووڵاتی نمرە دوو سەیری هاووڵاتیانی كوردستان بكرێت، بەڵكو شەریكی ڕاستەقینە دەبین لە عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەناوخۆی كوردستان چەند لایەنێك بەرنامەیان دادەڕشت چۆن حكومەتی هەرێم شكست بێنێت، تەنیا بۆ ئەوەی زیان بە پارتی بگات، ئامادەبوون دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان كاربكەن و بجووڵێنەوە. ئەوە دەیسەلمێنێت كە ناوی پارتی بە كوردستانەوە بەستراوەتەوە.
مەسرور بارزانی وتیشی، دۆست و نەیار لەسەر ئەوە كۆكن كە بەهێزی پارتی واتە بەهێزی كوردستان، بەپێچەوانەوە بۆچوونیان وایە؛ هەرجۆرە شكستێك بە پارتی بگات، بە خەیاڵی نەیاران، شكستیان بە هەرێمی كوردستان هێناوە.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند، دانیشتووانی شارەكانی عێراق بێبەشن لە سەرەتاییترین مافەكانی ژیان و خۆشگوزەرانی، كەچی ئێمە بە 5%ـی ئەو داهاتەی عێراق، سەرجەم پرۆژە خزمەتگوزارییەكانمان ئەنجامداوە، ئەمجارە پارتی شەڕ بۆ مافی تاك بە تاكی عێراق دەكات.
دووپاتیشی كردەوە، "دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی چیتر بە میزاجی شەخسی ئەم و ئەو مووچە خەرج نەكرێت. هەرچی دەسكەوتێك و مافێكمان بەدەستهێنابێت، بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانمان بووە و بەخێر بە ئێمە نەدراوە"
لە وتارەکەیدا مەسرور بارزانی ئەمانەشی وت:
٠ دەمانەویت بیسەلمێنین لەسەر ئاستی عێراق بەهێزترین پارتی سیاسین.
٠ گرنگە دەستکەوتێکی گەورە بەدەستبهێنین.
٠ تاوەکو پارتی لێرە بێت هیچ هێزێک نییە بیر لە داگیرکردنی کوردستان بکاتەوە.
٠ ئەمرۆ ڕۆژی داستانی پردێ ـیە و لە هەمووتان پیرۆز بێت.
٠ لە 20 ئۆکتۆبەردا ئیرادەی کوردستان بەسەر داگیرکەراندا سەرکەوت.
٠ هیچ لایەنێک جگە لە پارتی لە بەغدا داکۆکی لە خەڵکی کوردستان نەکرد.
٠ هەرگیز پاشکۆیەتی قبووڵ ناکەین.
٠ لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی پێداگیر دەبین.
٠ لە ئاستی ناوخۆ دژایەتی حکومەت کراوە.
٠ لایەنی سیاسیی هەبووە تەواوی هەوڵی خۆی بۆ شکاندنی پارتی خستەگەڕ و سەرکەوتوو نەبوو.
٠ لەسەر ئاستی عێراق ڕێگری لە پێشکەوتنەکانی کوردستان کراوە.
٠ لایەنە عێراقییەكان نەیانتوانیوە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان بووەستێنن.
٠ هەموو هەوڵێک بۆ بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دراوە.
٠ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکە لەسەر بەغدا.
٠ زۆر هەوڵیاندا نەیانتوانی کاروانی پێشکەوتن لە هەرێمی کوردستان ڕاگرن.
٠ سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستەی بۆ ئێمە دروستکرا، ئێمە بە پڕۆژە وەڵاممان دانەوە.
٠ بودجە و مووچەیان بۆ نەناردین، ئێمە کارەبای 24 کاتژمێریمان دابینکرد.
٠ پڕۆژەی ڕووناکی یارمەتیدەر بووە بۆ کەمکردنەوەی خەرجی هاووڵاتیان.
٠ پڕۆژەی گەیاندنی خێرای ئاوی هەولێر یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئەم حکومەتە.
٠ کەرتی تەندروستی کوردستان گەیشتووە بە ئاستێک کە لەوڵاتانی دەورووبەر ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان.
٠ ئاسایش و سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان نموونەی نییە.
٠ کوردستان یەکێکە لە سەقامگیرترین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
٠ کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ هەموو ئەوانەی لە تووندڕەوی ڕادەکەن.
|