مەزڵووم عەبدی: گفتوگۆ لە نێوان هەردوو لایەن لە دیمەشق بەردەوامە
6 کاتژمێر پێش ئێستا
50 جار خوێنراوەتەوە
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، لەسەر میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە دامەزراوەکانی حکوومەتی سوریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و بەم نزیکانە ئەنجامەکانی دەردەکەون.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی'هەسەدە' بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا گەیشتوونەتە 'ڕیککەوتنی سەرەتایی' دەربارەی میکانیزمی تیکەڵکردنی هێزەکانیان بەوەزارەتی بەرگریی سووریا و ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا لە دیمەشق بەردەوامە.
ڕاشیگەیاند: "ئەوەی نوێیە لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەمان لە دیمەشق، ئیرادەی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکان"ـی ڕێککەوتنەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین خاڵ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییە سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی 'کورد' لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆدا.
بە وتەی مەزڵوم عەبدی، شاندە سەربازیی و ئەمنییەکانی هەسەدە ئێستا لە دیمەشقن بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی یەکگرتنیان لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕاشیگەیاند: "هەر سەرکەوتنێکی دانوستانەکان بە دڵنیاییەوە پەیوەستە بە ڕۆڵی تورکیاوە"، بەو هیوایەی "ڕۆڵی پاڵپشتیکار و بەشداربوو لە پرۆسەی دانوستانە بەردەوامەکاندا بگێڕێت."
مەزڵووم عەبدی باسی لەوەشکرد، ئێمە داوای سیستەمێکی لامەرکەزی لە سووریا دەکەین، ئەمەش هێشتا قبوڵ نەکراوە چونکە لەسەری ڕێکنەکەوتوین، و هێشتا گفتوگۆ لەسەر دیدگا هاوبەشەکان دەکەین کە بۆ هەمووان قبوڵکراو بێت.
ژمارەی هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نزیکەی 100 هەزار کەسە و بە پێی ڕێککەوتنی 10ی ئازار دەبێت تێکەڵ بە دامەزراوەکانی حکومەتی سوریا بکرێت.
|