ئەردۆغان: پێویستە هێرشەکانی ئیسرائیل بوەستێندرێن

2   کاتژمێر پێش ئێستا  176 جار خوێنراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئیسرائیلی بە کۆمەڵکوژ وەسفکرد و سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر قەتەری کرد.
 
لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە لووتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی- ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 تاوەکوو ئێستا، بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لووتکەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیمان سازکرد. لەو لووتکانەدا بە جیهانمان راگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل تادێ زیاد دەکەن، پێویستە بوەستێندرێن".
 
لەبارەی دوایین هێرشی ئیسرائیل لە دژی ژمارەیەک بەرپرسی حەماس لە وڵاتی قەتەر، ئەردۆغان گوتی، "ئەو عەقڵە لارەی ئیسرائیل کە بە تیرۆر بەخێودەکرێت، ئێمە زۆر جار رامانگەیاند مەترسی بۆ سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکات. ئیسرائیل لەدوای فەلەستین، هێرشی کردە سەر لوبنان، یەمەن، ئێران و سووریا. هەروەها کەشتییە سڤیلەکانی کەناراوەکانی تونسی کردە ئامانج. هەروەها ئۆپەراسیۆنی بۆ کوشتنی سیاسەتڤانان و پیاوانی دەوڵەت رێکخست. ئێستاش هێرشی کردە سەر قەتەری نێوەندگیر".
 
سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەتەر دووپاتکردەوە و بە وڵاتی دۆست، برا و هاوپەیمان ناوی برد.  هەروەها گوتی، وڵاتەکەی ساڵ و نیوێکە تەواوی مامەڵە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل وەستاندووە.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، ئیسرائیل هێرشی مووشەکی کردە سەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و رایگەیاند، سەرکردە باڵاکانی حەماس، لەنێویاندا شاندی دانوستاندنکاری بزووتنەوە فەلەستینییەکەی کردووەتە ئامانج. 
 
ئەوە لە کاتێکدا بوو شاندەکە سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئاگربەست بوو کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشنیاز کرابوو.
 
قەتەر هێرشەکەی وەک پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەرییەکەی شەرمەزارکرد، هەروەها چەندین وڵات کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکە هەبوو، زۆربەیان سەرکۆنەیان کرد. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە