وەزارەتی بازرگانی: بەغدا شایستە داراییەکانی جووتیاران دەنێرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
150 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە دارایییەکانی جووتیاران بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان. بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانیش دەڵێت، "وەکو بەشی یەکەم پشکی سلێمانی 25 ملیار دینار دەبێت و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکەین."
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بڕیارە بەم نزیکانە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە دارایییەکانی ئەم ساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی."
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە، راستەوخۆ بەپێی رۆژی رادەستکردنی گەنمەکانیان بە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکرێت.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی رایگەیاند، "بڕیارە بڕە پارەیەک وەکو بەشی یەکەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەم چەند رۆژەدا بنێردرێت کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 50 ملیار دینار بێت. لەو بڕە، پشکی پارێزگای سلێمانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زیاترە؛ تەنیا بۆ سلێمانی وەکو بەشی یەکەم، بڕی 25 ملیار دینار تەرخان کراوە."
بە وتەی نەسرین ئەحمەد، بڕیارە سبەی چەکەکەیان بۆ بنێردرێت و رۆژی پێنجشەممە بگاتە دەستیان، دواتر دەیبەنە بانکی هەرێم. وتیشی، "ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێشەوە، ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکان جێبەجێ دەکەن و ئەگەر پارەی کاش لە بانکەکان هەبێت، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت."
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە 158 هەزار تۆن بوو. نەسرین ئەحمەد دەڵێت، "ئەگەر ئەو 25 ملیار دینارە دابەش بکرێت، هێشتا 108 ملیار دیناری دیکە دەمێنێت."
دوێنێ محەممەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "بڕی دوو تریلیۆن دینارمان لە وەزارەتی دارایی وەرگرتووە و بەسەر جووتیارانی سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش کراوە."
|