زیاتر لە 15 ترلیۆن دینار لە ناو ماڵی هاوڵاتیان بە کاش هەڵگیراوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
260 جار خوێنراوەتەوە
پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق رایدەگەیەنێت 80%ی پارەی عیراق لە ماڵەکاندایە و دووپاتیشی دەکاتەوە هەوڵدەدەن متمانەی هاووڵاتییان بە بانکەکان زیاد بکەن.
عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عیراق رایگەیاند: پلانی چاکسازی بانکیی 2025، بۆ پتەوکردنی متمانە بە سیستمی بانکیی عیراق و چارەسەرکردنی گرفتەکان، هەنگاوێکی ستراتیژییە.
ئاشکراشیکرد: ئێستا 80%ی پارەی عیراق لە دەرەوەی بانکەکاندایە و لە ماڵەکاندان، هۆکارەکەشی بۆ کەمی متمانەی هاووڵاتییان بە بانکەکان دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: پلانی چاکسازی بانکەکان خۆی لە نوێکردنەوەی سیستمی بانکەکان دەبینێتەوە، بەشێوەیەک هاوتا بێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و راکێشانی کۆمپانیا جیهانییەکان.
هاوکات، مستەفا گەرعاوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق هۆشداری دەدات ئەم دیاردەیە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جوڵەی بازاڕ و چالاکیی ئابووری.
ئەوەشی ئاشکرا کرد؛ بەپێی زانیارییەکان پارەی هەڵگیراو لە ماڵەکاندا زیاتر لە 100 تریلیۆن دینارە.
پێشتر، حەیدەر شێخ توێژەری بواری ئابوری ئاشکرای کرد؛ بانکی ناوەندی عێراق بە ڕاستی کێشەی کەمبونەوەی پارەی نەختینە و سیولەی هەیە، هۆکارەکەشی بێ متمانەییە هاوڵاتیان بە سیستمی بانکی و کەمترین متمانەیان بە بانکە حکومی و ناحکومییەکان هەیە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان پارەکانیان بە دیناری عێراقی لە ماڵەکانیان هەڵگرن.
ئاشکرای کرد؛ زیاتر لە 15 ترلیۆن دیناری عێراقی لە ناو ماڵی هاوڵاتیان ومووچەخۆراندا بە کاش هەڵگیراوە، بۆیە پێویستە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراقی چارەسەری ئەو کیشەیە و هەڵاوسانی ئابوری بکەن، ئەوەش لە رێگەی داڕشتنەوەی سیاسەتی ئابوری و دارایی و کارئاسانی بانکی بۆ هاوڵاتیان و گەڕاندنەوەی متمانە بۆیان.
|