مانگانە 14 هەزار ئۆتۆمبێل دەهێنرێنە هەرێمی كوردستان
2 کاتژمێر پێش ئێستا
167 جار خوێنراوەتەوە
ئەمساڵ مانگانە زیاتر لە 14 هەزار ئۆتۆمبێل، هاوردەی هەرێمی كورستان كراوە و تاوەكو كۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵیش زیاتر لە 500 مۆڵەتی بازرگانی دراوە بەو كۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 114 هەزار ئۆتۆمبێل لە دەروازە نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە و تێكڕا ئەمساڵ مانگانە زیاتر لە 14 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم كراوە.
ئاشكراشی كردووە، “تاوەكو كۆتایی مانگی هەشتی ئەمساڵ زیاتر لە 500 مۆڵەتی بازرگانی دراوە بەو كۆمپانیایانەی ئۆتۆمبێل هاوردە دەكەن”.
وتیشی لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا نزیكەی 50 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە و بۆ كۆتایی مانگی هەشتیش گەیشووەتە سەرووی 114 هەزار ئۆتۆمبێل.
نەوزاد شێخ کامیل، ئاماژەی بەوەشدا، ئۆتۆمبێلەكان هی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانن، گوتیشی: “ئۆتۆمبێلی چەندین وڵاتی تێدایە لەوانە (ئەمركی، فهڕەنسی، بەریتانی، ئەڵمانی، چینی، ژاپۆنی، كۆری)، بەشێكیش لەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردە كراون بۆ شارەكانی دیكەی عێراق ڕۆیشتوون.
ئاشكراشی كرد، ساڵانە سەرووی 120 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
لە ساڵی 2023 دا بە گشتی 122 هەزار ئۆتۆمبێلیش هاوردە كرابوو، لە ساڵی 2024دا رێژەكە زیادی كردوو و گەیشتە 172 هەزار ئۆتۆمبێل.
هاتنی ئەو ڕێژە زۆرە لە ئۆتۆمبێل لەکاتێکدایە پلانەکان بۆ فروانکردنی شەقام و ڕیگاکانی ئۆتۆمبیل وەک پێویست جێبەجێ ناکرێن هەر بۆیە قەرەباڵغییەکی زۆر لە ناو شارەکاندا دروست بووەو هاتووچۆکردن زەحمەت بووە.
|