ئامادەکاریی بۆ کۆبونەوەى ترەمپ و شەرع دەکرێت

5   کاتژمێر پێش ئێستا  63 جار خوێنراوەتەوە

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایدەگەیەنن کە ئەمریکا ڤیزەی چوونە ژوورەوەی بە ئەحمەد شەراع، سەرۆک کۆماری سوریا داوە تا لە ٢١ تا ٢٥ی ئەیلول سەردانی نیویۆرک بکات بۆ بەشداریکردن لە ٨٠ەمین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، شەرع لە ٢٤ی ئەیلولدا وتارێکی فەرمی پێشکەش دەکات، بە یاوەری ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و ئیبراهیم ئۆلەبی، نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەپێی ماڵپەڕی ئیندیپێندنت عەرەبی.

هاوکات ئامادەکارى دەکرێت بۆ دیدارێکی نێوان شەرع و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جگە لە سەردانێکی پێشبینیکراو بۆ "ماڵی تورکیا" بە یاوەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی سعودیە و تورکیا بۆ پاڵپشتیکردنی سوریا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە و فشارخستنە سەری بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە شەرا بە نیازە لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێک پێشکەش بکات، کە "یەکەم وتاری سەرۆکێکی سوریا دەبێت بۆ ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە دوای ٦٠ ساڵ".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14ی ئایار لە ڕیاز وتووێژی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ئەنجامدا، ئەمەش یەکەم دیداری نێوان سەرکردەکانی هەردوو وڵات بوو لە ماوەی 25 ساڵدا.

سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی دەست دەکات بە هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە بۆ دەیان ساڵە لە سەردەمی حافز ئەسەد و کوڕەکەی بەشار ئەسەد بەسەر دیمەشقدا سەپێندرابوون.

دواتر گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتێکی گشتی دەرکرد و بە فەرمی مۆڵەتی بەو مامەڵەیانەی پێشتر قەدەغەکرابوون کە پەیوەندییان بە سوریاوە هەبوو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە