ئاسیاسێڵ بۆ یەکەمجار خزمەتگوزارییەکی نایاب دەخاتە کار

6   کاتژمێر پێش ئێستا  164 جار خوێنراوەتەوە

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند، "بۆ یەکەمین جار لە عێراق خزمەتگوزاریی پەیوەندیی لە رێگەی وای فای بە باشترین ئەدای پەیوەندی لە هەموو شوێنێک" دەخەنە کار.
 
لە راگەیێندراوێکدا ئاسیاسێڵ دەڵێت: "بۆ یەکەمین جارە بەردەستخستنی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی دەنگیی "VoWiFi"ـی لە عێراق کە ئەزموونێکی پەیوەندی کواڵیتی بەرز بۆ بەشداربووان دابین دەکات لەسەر بنەمای روونی و متمانە و ئاسانی بەکارهێنان".
 
ئاسیاسێڵ بەردەستخستنی خزمەتگوزارییەکەی بە دەستکەوت و هەنگاوی نوێ لە گەشتی ئاسیاسێڵ بۆ پێشەنگایەتیکردن لە داهێنان و باشترکردنی کواڵیتیی پەیوەندییەکان لە بازاڕی عێراقیدا پێناسە کردووە.
 
خزمەتگوزاریی VoWiFi پێداویستییەکانی بەشداربووان لەو شوێنانە دابیندەکات کە پەخشی تۆڕی پەیوەندییەکان سنووردارە، لەوانەش باڵەخانە بەرزەکان و ژێرزەمینەکان و ناوچە دوورە دەستەکان، بەشداربووان تاکە شت کە پێویستە ئەنجامی بدەن بریتییە لە کۆنێکتکردن بە تۆڕێکی وای فایەوە بۆ ئەوەی چێژ لە پەیوەندییەکی دەنگی وەربگرن بەبێ ئەوەی پێویستیان بە هیچ بەرنامە یاخود تێچووی زیادە هەبێت.
 
ئاسیاسێل دەڵێ، خزمەتگوزارییەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی چالاک دەبێت و بۆ سەرجەم بەشداربووانی ئاسیاسێڵ بێبەرامبەرە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا کۆمپانیای ئاسیاسێڵ کە ناوەندی سەرەکیی دامەزراندنەکەی شاری سلێمانییە ئاماژەی بەوەکردووە: "هاوتەریب لەگەڵ بەرفراوانبوون و گەشەکردنی خێرای بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق و زیادبوونی ژمارەی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان، ئاڵنگاریی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە پەیوەندی هەیە بە قەرەباڵخیی تۆڕەکان و سەختیی گواستنەوەی سیگناڵ لەناو باڵەخانەکاندا، بەردەستخستنی خزمەتگوزاریی VoWiFi وەڵامێکی کردارییە بۆ ئەم ئاڵنگارییانە، کە دڵنیایی دەدات بە بەشداربووانی ئاسیاسێڵ بۆ ئەنجامدانی ئەزموونێکی پەیوەندیی متمانەپێکراو و بێخەوش لە هەر شوێنێک بن، تەنانەت لە قەرەباڵخترین ئەو ناوچانەی کە زۆرترین باڵەخانەیان تێدایە".
 
چرا حوسێن، بەڕێوەبەری بازرگانیی ئاسیاسێڵ دەڵێت: "کاراکردنی خزمەتگوزاریی VoWiFi هەنگاوێكی گرنگە لە گەشتەکەماندا بۆ باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان لە عێراق. ئەم خزمەتگوزارییەمان دیزاینکردووە بە ئامانجی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی بەشداربووانمان لە ناوچە جیاجیاکان و پێشکەشکردنی پەیوەندیی بێخەوشتر و بێ هیچ ئاڵۆزییەک. ئەم دەستکەوتە دیدگای ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە بۆ دابینکردنی چارەسەری پەیوەندیی داهێنەرانە و جیهانی بۆ عێراق".
 
ئاسیاسێڵ دابینکاری سەرەکیی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژماره‌ی به‌شداربووانی نزیکەی 20 ملیۆن کەسە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە