مەسرور بارزانی لەبارەی موچەو نەوتی کوردستان چی دەڵێت؟
7 کاتژمێر پێش ئێستا
252 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەغدا و هەولێر لە هەوڵی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمدان بەڵام هەرجارە و بە بیانوویەک رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
بە گوێرەی بەدواداچونەکانی ٧رۆژ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم رێگری سەرەکین لە بەردەم جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنانەی تا ئێستا کراون بە جۆرێک مامەڵە دەکەن کە خۆیان وەک خاوەنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەزانن.
بە پێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ کۆمپانیاکان زۆرینەیان لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتییەوە دامەزراون و ژمارەیەک وەبەرهێنەری بیانیان تێدا جێکردونەتەوە تا وەک کۆمپانیایەکی بیانی دەربکەون.
ئەم کۆمپانیایانە ئێستا بوونەتە رێگر لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە ئەوەش هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە.
هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا سەبارەت بە پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت، رایگەیاند: "ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا "ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردەوام دان لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵی. لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن. لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، ئەوەی ماوە خاڵێکە لە نێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان."
|