پشکی کورد لە کەرتە جیاوازەکانی کەرکووک چۆن کەم بۆتەوە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  34 جار خوێنراوەتەوە

بۆ رێکخستنەوە و "دروستکردنی هاوسەنگی لە پۆست و بەرکەوتەی نەتەوە جیاوازەکانی کەرکووک" لیژنەیەک لە دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان پێکهێندرا.
 
دیلان غەفوور، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "پێش ماوەیەک نووسراومان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە سەبارەت بە کەمیی پشکی کورد هەم لە فەرمانبەر، هەم لە بەرکەوتەی پۆست و بەرپرسیارێتی."
 
دیلان غەفوور کە هاوکات ئەندامی لیژنەکەیە وتی، "دوای ماوەیەک گشتاندن بۆ نووسراوەکە کراوە، بەڵام ئێستا بڕیاردراوە لیژنەیەکی بەدواداچوون لە دەستەی هاوئاهەنگیی پارێزگاکانی بۆ دروست بکرێت."
 
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق وتیشی، "ناهاوسەنگییەکی زۆر لە کەرکووک بەدیدەکرێت، لە هەندێک فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیدا رێژەی کورد یەکجار کەمە، بەتایبەت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، شەش هەزار فەرمانبەری عەرەب و 3800 فەرمانبەری تورکمان هەن، بەڵام تەنیا 2500 فەرمانبەری کورد هەن کە رێژەکەی ناگاتە 18%."
 
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی کە لیژنەکە ئامادەی کردووە، پشکی کورد لە کەرتە جیاوازەکانی ئیدارەی کەرکووک بەم جۆرەیە:
 
قەزا و ناحیەکانی کەرکووک
 
عەرەب: 3 قائیمقام
تورکمان: 1 قائیمقام
کورد: 0
 
پۆستەکانی ئاسایشی نیشتمانی بە رێژە
 
عەرەب: 56%
تورکمان: 38%
کورد: 6%
کریستیان: 0%
 
پشکەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور (دەستەکان)
 
عەرەب: 67%
تورکمان: 17%
کورد: 8%
کریستیان: 8%
 
ژمارەی فەرمانبەرەکان لە کۆمپانیای نەوتی باکوور
 
عەرەب: 6000
تورکمان: 3800
کورد: 2500
کریستیان: 200
 
دابەشکردنی بەشەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور (44 بەش)
 
عەرەب: 28 بەش کە دەکاتە 64%
تورکمان: 13 بەش کە دەکاتە 30%
کورد: 2 بەش کە دەکاتە 5%
کریستیان: 1 بەش کە دەکاتە 2%
 
دیلان غەفوور سەبارەت بە کاری لیژنەکە وتی، "ترسی هەیە لەوەی لیژنەکان بە پەرۆش نەبن لە بەدواداچوونەکانیان، بۆیە ئەم پرسە پێویستی بەوەیە لە ئاستی سیاسی باس بکرێت و وەک یەکێک لە مەرجەکانی دانوستاندنی لایەنی کوردی لە بەغدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە