هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێم زیانی 28 ملیار دۆلاری هەبووە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  81 جار خوێنراوەتەوە

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە کۆمپانیاکانی نەوت کە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن و دەشڵێت، ''عێراق بۆ وەرگرتنی 1.5 ملیار دۆلار قەرەبوو لە تورکیا، زیانی 28 ملیار دۆلاری لە ئێمە و لە خۆی داوە.''
 
سەفین دزەیی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا باڵیۆزی تایلەند کە لە ئوردن نیشتەجێیە، چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ''بۆئەوەی زیاتر لەگەڵ کوردستان ئاشنا ببێت و لەڕووی ئابوورییشەوە پردی پەیوەندییەکان بەهیزتر بکرێت.''
 
مانگی ئایاری ئەم ساڵ شاندێکی ئابووری و بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی تایلەندی کرد. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە وتی، ''بەشداریکردنیان لە چەندین کۆڕبەندی ئابووری دەبێتەهۆی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تایلەند. ئێمە دەتوانین سوود لە ئەزموونی تایلەندییەکان وەربگرین.''
 
سەفین دزەیی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بازاڕێکی ئازاد و کراوەیە کە لەڕووی کەرتی تایبەتەوە پەرەی پێدەدرێت و رایگەیاند، ''سیاسەتی ئێمە بایەخدانە بە کەرتی تایبەت، بە مەبەستی فرەچەشنکردنی ئابووری و لە هەمانکاتدا کردنەوەی دەرگەیەک بۆ وەبەرهێنەرانی وڵاتانی جیاجیا.''
 
شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا بە سەرپەڕشتیی ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی وڵاتەکە لە هەرێمی کوردستانن. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ''راستە ئاستەنگ و گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆرن، بەڵام رێگر نابن لە پەرەپێدانی لایەنی ئابووریمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە.''
 
بەوتەی سەفین دزەیی، شاندە بازرگانییەکەی ئەمریکا ''لەگەڵ هاوتایانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن کە بە چی شێوەیەک بتوانن پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەن یان لە هەموو بوارێکەوە هاوکاری یەکدی بن.''
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لەوەش کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنسووڵخانەی هۆڵەنداش لە هەولێر بۆنەیەک رێکدەخەن کە پەیوەستە بە پەیوەندیی ئابووریی نێوان وڵاتەکە و هەرێمی کوردستان.
 
سەفین دزەی ئاماژەی بەوەشکرد، ''بەهێزکردنی ئابووری و پێگەی ئابووریمان یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکومەتە. ئابوورییەکی بەهێز بە واتای سیاسەتێکی بەهێزە و ئەوەش سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.''
  
پرسی مووچە، بڕی داهاتی نانەوتی و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت ئاستەنگی نێوان هەولێر و بەغدان. بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رایگەیاند، ''گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامن، بەڵام هەموو کێشەکان بە یەک دانیشتن چارەسەر ناکرێن.''
 
ئەوەشی خستەڕوو، ''گرنگ ئەوەیە دانوستاندن بەردەوامە و تیمە هاوبەشەکان کاری خۆیان بە رێکوپێکی دەکەن، بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی گونجاو بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی بەپێی یاسای بودجە و دەستوور دەکەونە ئەستۆی.''
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، ''هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێم زۆر تووند بوو. وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ حکومەتی عێراق هەڵوێستێکی روون و ئاشکرای هەبوو.''
 
سەفین دزەیی باسی لەوە کرد، ئەمریکا لایەنگری ئارامی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ''بەڵام لە هەمانکاتیشدا بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن، چونکە دوو لەو چوار کۆمپانیایانەی نەوت کە بە درۆن کرانە ئامانج، ئەمریکی بوون، بۆیە هەڵوێستیان ئەوەیە کە ئەو شوێنانە پارێزراو بن.''
 
سەفین دزەیی وتی، ''عێراق و هەرێمی کوردستان لەکاتی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە زیاتر لە 28 ملیار دۆلار زیانمەند بوون.''
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد، ''دوای بڕیاری دادگەی پاریس، پێویست بوو تورکیا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار وەکو قەرەبوو بداتە عێراق. ئێستا لۆژیکی نییە ئەگەر عێراق چاوەڕێ بکات ملیارێک و نیو وەربگرێ، بەرامبەر زیانی 28 ملیار دۆلار.''
 
سەفین دزەیی جەختی لەوە کردەوە، ''گفتوگۆکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بەردەوام دەبن و کۆمپانیاکانی نەوتیش دڵنیا بن کە شایستە داراییەکانی خۆیان وەردەگرن.''


   ئەمانەش بخوێنەرەوە