حکومەتی هەرێم سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە
22 کاتژمێر پێش ئێستا
306 جار خوێنراوەتەوە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو هەواڵانەی باس لە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا دەکەن، دوورن لە راستییەوە.
فەرمانگەکە شەوی یەکشەممە، 10-8-2025، راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "روونکردنەوەیەک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سەبارەت بە سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمریکا" بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چەند روژێکە هەندێک میدیای نابەرپرس بە مەرامی تایبەت هەواڵی سەردانی سەرۆکوەزیرانیان بۆ ئەمریکا و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە کە دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە".
فەرمانگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "هیوادارین راگەیاندن پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستێت نەک ئامانجی چەواشەکردنی رای گشتی بێت".
چەند ڕۆژێکە بەشێک لە میدیا و پەیجەکانی کوردستان هەواڵی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا بڵاودەکەنەوەو ئاماژەیان بەوەکردووە کە سەرۆک وەزیران هەوڵی دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەناویاندا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داوە.
|