مەسعود بارزانی: تا عەقڵیەتی شۆڤێنی مابێت، عێراق ئارامی نابینێت

2025-07-31  118 جار خوێنراوەتەوە

مەسعود بارزانی، لە 42ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، "بەداخەوە هێشتا هەندێ کەس هەن کە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هەر بەو عەقڵیەتە شۆڤینیی و نکۆڵیکارییە سیاسەت دەکەن."
 
لە پەیامەکەیدا کە مەسعود بارزانی کە بەبۆنەی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدکردنی 8 هەزار بارزانییەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "رژێمی پێشووی عێراق 8 هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی 9 ساڵ تاوەکو پیرەمێردی 90 ساڵان بەزۆر راپێچی بیابانەکانی باشووری عێراقی کردن و لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن."
 
مەسعود بارزانی هۆکاری ئەو تاوانانە بۆ "عەقڵیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری" دەگەڕێنێتەوە و هۆشداری دەدات کە تاوەکو ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت. دەشڵێت: "دەبێ هەموو لایەک بزانن هەتا ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق هیچ کات ناحەسێتەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا،  ئاماژەی بەوە کردووە ئەو تاوانە "بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر رۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە،" وەک بێسەروشوێنکردنی گەنجانی فەیلی، ئەنفالی گەرمیان و بادینان، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە.
 
هاوکات، مەسعود بارزانی سوپاسی خەڵکی دەشتی هەولێر، هەریر و سۆران دەکات بۆ هاوکاری و هاوسۆزییان لەگەڵ بارزانییەکان، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ "خۆڕاگریی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە" دەربڕیوە کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە