بارەگای بارزانی: پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە بەغدا بدەین

8   کاتژمێر پێش ئێستا  127 جار خوێنراوەتەوە

بارەگای بارزانی دەڵێت، لەسەر "داوا و بەڵێن"ـی عێراق و لەپێناو "بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و رەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی تێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە [کێشەی مووچە] بدۆزنەوە.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی:
 
راگەیێندراوێک لە بارەگای بارزانی بۆ ڕای گشتی
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆبوویەوە. بەڵام هەر ئەمڕۆ بەڕێز د.فواد حوسێن دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە كە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حكوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی كوردستان  چارەسەر بکرێت.  
 
هەر لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو  بەردەوامبوونی گفتوگۆیەكی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن كێشەكان چارەسەر بكەین.
 
بارەگای بارزانی
12ی تەممووزی 2025


   ئەمانەش بخوێنەرەوە