ئێران مەرج بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن دادەنێت
8 کاتژمێر پێش ئێستا
132 جار خوێنراوەتەوە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ راگەیاند، بەڵام مەرجێکی روونی دانا کە بریتییە لە راگرتنی هێرشەکان. هاوکات جەختیشی کردەوە کە "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ئاشتیانەیە."
عێراقچی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەورووپا بەجیا هاتە نێو رۆژنامەوانان و چەند خولەکێک قسەی بۆ کردن و هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل و گەڕانەوە بۆ مێزی دانوستاندن دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر مافی وڵاتەکەی بۆ "بەرگریکردن لە خۆی" کردەوە و وتی: "بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی مافی رەوامان لە بەرگریکردن لە خۆمان." لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە، بە روونی گوتی: "ئامادە نین دانوستاندن لەسەر توانا بەرگرییەکانمان بکەین."
عێراقچی، ئیسرائیلی بە "پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "ئێران بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە خۆی لە دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل."
سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: "بەرنامە ئەتۆمییەکەمان ئاشتییانەیە،" بەڵام هیچ زانیارییەکی زیاتری لەوبارەیەوە نەخستەڕوو.
|