ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق تاوتوێی سیناریۆكانی شەڕ دەكات
16 کاتژمێر پێش ئێستا
298 جار خوێنراوەتەوە
قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی كۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێكردنی سیناریۆ چاوەڕوانكراوەكان و گرتنەبەری رێكاری پێویست بۆ روبەرووبوونەوەی مەترسییەكان.
ئەعرەجی مەبەستی لە دۆخی ئێستای شەڕە لەنێوان ئیسرائیل و ئێران، هەڵوێستی فەرمی حكومەتی عێراق لەم شەڕەدا ئیدانەكردنی هێرشی ئیسرائیلە بۆسەر ئێران.
لەدوای دەستپێكردنی شەڕەوە، میلیشیا شیعەكانی عێراق ئەوانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن كارێكی ئەوتۆیان دژ بە ئیسرائیل یاخود بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە ئەنجام نەداوە، بەڵام دوێنێ شەو ئاژانسی (تەسنیم)ی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران ڤیدۆیەكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، دەستكراوە بە رەوانەكردنی درۆنەكان لە عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل.
بەر لە دەستپێكردنی شەڕ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری بە عێراق دا خۆی بە دوربگرێت لە تێوەگلان ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، لە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لەكاتێكدایە لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەتایبەتیش لایەنە شیعەكان ئامادەكاریی دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیی لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و؛ بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لەدوای 7ی ئۆكتۆبەری 2023وە (هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل) لەناوچەكە هاتوەتە ئاراوە، وەكو بابەتێكی چارەنوسساز تەماشای هەڵبژاردنەكە دەكەن، بەتایبەتیش رژێمی سوریا وەكو بەهێزترین هاوپەیمانی ئێران لە ناوچەكە كەوتووەو حزبوڵای لوبنان لاوازكراوە.
|