وەزارەتی نەوتی عێراق: لە هەرێمی کوردستان نەوت بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە

2025-06-05  71 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت لە پێویستیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و یاسا کارپێکراوەکان دەکاتەوە، داوای دەستبەجێی رادەستکردنی نەوتەکەی دەکات و دەڵێت، "لە بە قاچاخ بردنەدەرەوەی نەوت بەرپرسە".
 
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، یاسای بودجە حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەندکردووە بەرهەمی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات، بۆ هەناردەکردنی و گەڕانەوەی داهاتەکەشی بۆ خەزێنەی گشتی.
 
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێشتر وەزارەت چەندین جار لە رێگەی نووسراوی فەرمی و شاندی تایبەتەوە بە شێوەیەکی بەردەوام و پەلە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەمەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام بێ سوود بووە."
 
وەزارەتی نەوت جەختدەکاتەوە پێویستە هەرێمی کوردستان دەستبەجێ نەوت رادەست بکات، وەک جێبەجێکردنێک بۆ دەقی هەموارکراوی یاسای بودجە کە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پەسندکراوە و داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە پابەندییەکانی نەدزێتەوە.
 
هۆشداری دەدات، کە بەردەوامبوون لە رادەستنەکردنی نەوت، زیانی گەورەی دارایی بە عێراق دەگەیەنێت و ناوبانگی نێودەوڵەتی و پابەندییەکانی نەوتی عێراق دەخاتە مەترسییەوە. 
 
وەزارەتەکە پێیوایە، دوو جۆر زیان لە هەناردەی نەوتی عێراق و خەزێنەی گشتی دراوە، یەکەمیان: وەرنەگرتن و هەناردەنەکردنی نەوتی بەرهەمهاتوو لە هەرێمی کوردستان و سوود وەرنەگرتن لە داهاتەکەی. 
 
دووەمیان: ناچاربوونی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ پابەندبوون بە پشکی عێراق لە رێکخراوی ئۆپێک، کە بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمیش لە چوارچێوەی پشکی عێراقدا هەژمار دەکات، بێ گوێدانە سەرپێچییەکان.
 
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە دەکات کە باس لە بەردەوامیی پرۆسەی "بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێمی کوردستان" دەکەن بۆ دەرەوەی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە بەرپرسیاری یاسایی تەواو دەزانێت. جەختیشی کردووەتەوە مافی خۆیەتی سەرجەم رێکارە یاساییەکان بگرێتەبەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە