سەرۆکی دادگای فیدراڵی پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە مەسرور بارزانی دەکات
2025-06-04
375 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزبایی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.
جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، "بەم بۆنەیەوە جەخت لەسەر پێویستیی کارکردن بەگوێرەی دەستوور دەکەینەوە، بەوپێیەی بەرژەوەندیی گەلی عێراق بە تەواوی تێیدا بەرجەستە بووە و ئەوەش دەبێتە هۆی بەدیهێنانی دوو ئەنجامی بنەڕەتی لە بنیاتنانی دەوڵەتدا، کە بریتین لە پاراستنی یەکڕیزیی عێراق و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هەموو عێراق".
سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی باسی لەوە کردووە، دەستوور دەتوانێت پارێزگاری لە سەرەوەت و سامانی وڵات بکات و گەرەنتیی دابەشکردنی بەسەر هەمووان بێ جیاوازی زامن دەکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی دەڵێت، خۆشگوزەرانیی عێراقییەکان بەندە بەوەی هەمووان یەکسان بن و بەیەکەوە کاربکەن.
ئاماژە بەوەش دەکات، "دەستوور جەختکردنەوەیە لەوەی گەلی عێراق لە باکوورەوە تاوەکو باشوور گەلێکی گەورەیە و خاوەنی دەسەڵات و خاوەنی راستەقینەی سامانی عێراقن، هەروەها هێزی عێراق لە هێزی هەموو بەشەکانییەوەیە، خۆشگوزەرانیی عێراقیش لە بنەمای یەکسانی و لە کاری نەتەوەیی هاوبەشەوە سەرچاوە دەگرێت."
|