حکوومەتی هەرێم کۆبووەوەو، پێش جەژن مووچە نادرێت
2025-06-04
75 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پرسی مووچە بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو. وەزیرێکی حکومەتیش دەڵێت، "گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر مووچە کرا".
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دووپاتکرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، ئەگەر پێویستی کرد لەدوای پشووەکانی جەژن رێکاری دەستووری دەگیرێتەبەر.
کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کراوە.
بەوتەی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، هەموو وەزیرەکانی حکومەت لەسەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و بەدەستهێنانی مافەکان بەپێی دەستوور و یاسا، یەک دەنگ بوون.
لەبارەی دابینکردنی مووچە پێش جەژن، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود باسی لەوە کرد، تازە جەژنە و ئەستەمە مووچە دابین بکرێت.
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ئەوەشدراوە حکومەت لە پێشینەی هاوسەرگیریی کوڕ و کچی شەهیدان لەگەڵ زیندانییانی سیاسی خۆش ببێت و لەدوای بڕیارەکە ئیدی پێشینەی هاوسەرگیری لەو دوو چینە ناسەندرێتەوە.
وتیشی بڕیارەکە بۆ زیندانییانی سیاسی خۆیان دەگرێتەوە، نەک منداڵەکانیان.
|