كۆتایی بە سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ ئەمریكا هات
6 کاتژمێر پێش ئێستا
107 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كۆتاییهاتنی سەردانی شاندەكەی هەرێمی كوردستانی بۆ ئەمریكا بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت ڕاگەیاند و دەڵیت، "سەردانێكی سەركەوتوبو، سوپاسی هاوڕێ و هاوبەشە ئەمریکاییەکانمان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کردین".
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "کۆتاییمان بە سەردانێکی سەرکەوتوانە بۆ واشنتن بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی هێنا".
ئاماژەی بەوەشكردوە، "سوپاسی هاوڕێ و هاوبەشە ئەمریکاییەکانمان دەکەین بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیان کردین، هەروەها سوپاس بۆ نوێنەرایەتیی حکومەت لە ئەمریکا، ستافی پڕۆتۆکۆڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ هەوڵ و ماندوبونیان".
ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی 17ـی ئەم مانگە مەسرور بارزانی ،بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵای هەرێم گەیشتە واشنتن، ڕۆژی 19ـی مانگ ئیمزاکردنی دو ڕێککەوتننامەی لە بواری وزەدا ڕاگەیاند، كە كاردانەوەی زۆری لە ناوخۆی هەرێم و عێراقدا لێكەوتەوە.
|