بەرپرسێکی ئەمریکا: بەغداد لەسەر داوای ئێران گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان

2025-05-21  276 جار خوێنراوەتەوە

مایک پۆمپێیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە واشنتن دەکات زیاتر پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستان بکات، دەشڵێت، کورد هەرگیز ژیانی ئەمریکییەکانی نەکردووەتە قوربانی.

پۆمپێیۆ لە وتارێکدا لە رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، دەڵێت: “کورد هەرگیز ژیانی ئەمریکییەکانی نەکردووەتە قوربانی، هەرگیز تێوەنەگلاوە لە تیرۆر و بەردەوام بەرگری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردووە”.

وتارەکەی پۆمپێیۆلەکاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 17ـی ئەم مانگەوە بە سەرۆکایەتی شاندێک لە واشنتنە.

پۆمپێیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بەغدا لەسەر داوای ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگری لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان نزیکەی 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەیە کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی کۆی یەدەگی عێراق و سەرچاوەیەکی گەورەی غازی سرووشتیشی هەیە.

پۆمپێیۆ پێی وایە گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان سەقامگیری ناوچەیی و ئاسایشی وزەی ئەمریکا بەهێزتر دەکات.

پۆمپێیۆ پشتیوانی خۆی بۆ ڕاپرسی باشووری کوردستان لە ساڵی 2017 دووپاتکردەوە و لایەنگریی واشنتن بۆ بەغداد لەو کاتەدا بە “هەڵە” ناوبرد و وتی، کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بەو سیاسەتە بکرێت و واشنتن ئەو هەڵەیە ڕاست بکاتەوە.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: “نابێت هیچ هێزێکی هەرێمی بەبێ سزا دژی هاوبەشەکانمان ئۆپەراسیۆن بکات، دەبێت ئەمریکا هێڵی سوور دابنێت”.

ئەوەشی نووسییوە: “لە ساڵانی خزمەتکردنماندا فێربووم کە ئەمریکا ئەوکاتە بەهێزترینە کە پاڵپشتی لەوانە دەکات بەهای هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە و بەردەوام بەرژەوەندییەکانمان بەرەوپێشەوە دەبەن”.

لە کۆتایی وتارەکەشیدا دەڵێت، “لەکاتێکدا ئێمە [لەگەڵ هەرێمی کوردستان] رێگەکانی پێشخستنی هاوبەشی ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەخەینەڕوو، پێویستە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لە ئەمریکا لێبکرێت”.

پۆمپێیۆ لە ساڵی 2018 تاوەکو ساڵی 2021 لە سەردەمی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ وەک 70ـەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاری کرد، لە ساڵی 2017ش تاوەکو ساڵی 2018ـەش بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە CIA بوو.

لەو کاتەی پۆمپێیۆ بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بوو، ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر ڕوویاندا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە