تارماییەکانی جەنگێکی نوێ و دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کورد
ئەبوبەکر کاروانی
14/06/2025
68 جار خوێنراوەتەوە
ناوچەکە لەبەردەم سەرەپێچێکی مێژوویی خۆیدایە، زیاد لەجارێك لەرابردوودا ئاماژەمان بەوە کردووە، کە بەهەموو پێوەرەکان ئاسانییە بیرلەوە بکەینەوە، ئیسرائیل ئەم هەلە لەدەستبدات و پەلاماری بەرنامە ئەتۆمییەکەو ژێر خانە زانستی وچەکسازییەکەی ورەنگە سەرچاوە ئابورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەدات. بۆ ئەوەی سەرجەم بەربەستەکانی بەردەم بەزلهێزبوونی هەرێمایەتی و هەژموونکردنی بەسەر خۆرهەڵاتی ناوەراستی نوێدا لابەرێت. ئەوەی ناویش نراوە گفتوگۆ لەنێوان کۆماری ئیسلامی وئەمەریکادا، لەجەوهەردا گفتوگۆنییە ، بەڵکو خستنە رووی کۆمەڵێ مەرجن بۆ خۆبەدەستەوەدانی ئێران و رازیبوون بە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دەستبەرداربوونی پرۆژەی موشەکی بالیستی و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا. کەمەرجەکان لەراستیدا هی ئیسرائیلن و هیچ بوارێکیش بۆ سازشکردن بەواتا سیاسییە پیشەییەکەی ناهێڵنەوە.
هەرجەنگێکیش دژ بەکۆماری ئیسلامی رووبدات، کە لە ئێستادا لەهەرکات نزیکترە، لەبنەرەتدا جەنگی ئیسرائیلەو ئەمریکا وەك هاوپەیمان پشتیوانی لێ دەکات گەرچی لەکۆمەڵێ رووشەوە هاودیدو ئامانجن. دیارە بریارەکەی ئەمرۆی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش دژبە کۆماری ئیسلامی، نیشانیدا، کەئەوروپییەکانیش لەسۆنگەی لاوازکردنی پێگەی رووسیاو دواتریش چین پشتیوانی ئیسرائیل لەئەگەری هەر هێرشێك دژ بەکۆماری ئیسلامی دەکەن. بریارەکە پاساودانێکی ئاشکرای بەکارهێنانی هێزە دژبە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی، گفتوگۆکانیش لەسایەی نەبوونی هیچ دەرفەتێکی راستەقینە بۆ گەیشتن بەچارەسەری مام ناوەندی، کەگیانی سیاسەتەو پاساوی گفتوگۆش دەداتەوە، هێندەی پاساودانی جەنگن، بەوئەندازە مەبەست تیایاندا بەئاشتی چارەسەرکردنی کێشەکان نییە. چوونکە ئامانجی بنەرەتی لێیان ئەوە بوو ئەوەی دەکرێت بەجەنگ بەدیبێت، ئێران لەسەر مێزی گفتوگۆ پێشکەش بە ئەمریکییەکانی بکات. بەوەش ئامانجەکانی ئیسرائیل بەدیبێت وئیدارەی ترەمپیش زیاد لەپێویست ناچار نەبێت دژ بە ئامانجە لەپێشینەکان و دیبلۆماسییەتی بازرگانی خۆی بجووڵێتەوە.
خۆبەدەستەوەدانی کاربەدەستانی ئێران بێ هیچ بەرامبەرێك ولەوانەش هەڵگرتنی سزاکان و تەنها لەوسۆنگەوە خۆیان لە گوورزوەشاندنی سەربازی وجەنگ دوور بخەنەوە، کۆی سیستم دەباتە ژێر پرسیاری جۆراوجۆراوە و رەوایەتیشی لەسەر ئاستی درووشم، گووتارو مەیدانیش لێدەستێنێتەوە. هەرچەندە پەنابردنە بەرهێزیش دیسانەوە چارەنووسی نیزام لەئێران دەخاتە بەردەم ئایندەیەکی نادیارەوە. بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەموو حاڵەتێکدا، پێدەچێت لەنێوان خۆبەدەستەوەدان ونینۆککردن وکۆتایهێنان بە شۆڕش و جەنگ لەگەڵ رووبەروو بوونەوەی چارەنووسی خۆی دووەمی هەڵبژاردبێت، چوونکە کاربەدەستانی ئێران هەستیان بەوەکردووە، داواکان بەیەك و دوو کۆتاییان نایەت، ئامادەی هەڵگرتنی سزاکانی سەرئێران نین، ئەگەر ئەو ژەهرەشیان نۆش کرد مەرج نییە دواتر رووخاندنی رژێم نەخەنەرۆژەڤیانەوە. بۆیە ئەگەر لەجەنگدا دەرفەتێك بۆ ئابرووی خۆ پاراستن و دەستکاریکردنی هاوکێشەکان و گفتوگۆو دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی بژاردەکان بوونی هەبێت، لەئاشتیەکی سەپاوو خۆ بەدەستەوەداندا ئەوەش دەستناکەوێت. یاخود لەوە تێگەیشتوون بریاری جەنگ یاخود دەست لێوەشاندنی سەربازی دژ بە وڵاتەکەیان دراوە، بیانەوێت ونەیانەوێت جەنگیان بەسەردا دەسەپێنرێت، ئەوەی ئەمان خەریکنی لە دەستکاریکردنی کاتەکەی و هەندێ وردەکاری زێدەتر هیچی تر نییە،
هەرجۆنێك بێت، لەدوای ئەگەری پەلاماردانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پەرەسەندنی رووداوەکان بۆ جەنگێکی هەمەلایەنەی چارەنووسساز( کەتەنها رازیبوونی ئێران بەمەرجەکانی ئیسرائیل وئەمریکا دەتوانێت رێی لێ بگرێت) کورد وپرسەکەی دەکەونە بەردەم دەرفەت وئاڵنگاری مێژوویی نوێوە، دەبێت حسابی ئەوە بکرێت هەرێمیش بێ باج لێی دەرنەچێت، بەڵام دەرفەتی نوێشی بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی خاك و دەستکاریکردنی سرووشتی پەیوەندییەکانی بەوی دی عەرەبییەوە لەعێراقدا دێتە بەردەم، کەپێویستە خۆی بۆ ئامادە بکات. ئەوبۆشاییە جیۆ سیاسییە نوێیانەی لەهەر جەنگێکی نوێش لەناوچەکەدا دەکەونەوە، کورد پاڵێوراوە بەشدار بێت لەپرکردنەوەیان، هەرلەوێشەوە، شانسی دووبارە پێناسەکردنەوەی پێگەی خۆی دەبێت
فهل من مدكر؟
|
هەموو وتارەکانی
ئەبوبەکر کاروانی