ئەحمەد داود ئۆغڵو له‌ سلێمانی

لەتیف فاتیح فەرەج 29/05/2025   534 جار خوێنراوەتەوە

بۆ من جێی سەرسامی و داخورپان بوو قوباد تاڵەبانی لەوە ترسابێت ئەحمەد داود ئۆغڵو لە ناو شاری سلێمانی توشی ڕوداوێكی ناخۆش و نەخوازراو بێت، ئەمە نیشاندانی سلێمانیە بەو جۆرەی نەیارانی كوردو سلێمانی وێنای دەكەن وەك میدیای توركی، لە كاتێكا و بە تایبەتی سلێمانیش هەرگیز میوانی خۆیان ناكوژن ئەگەر میوانەكە دوژمنیش بێ، لەو گەرمەسێرە چەند كەسێك خۆیان دەبەستن و تفەنگ دەكەنە شان بۆ ئەوەی بچن دوژمنەكەیان بكوژن ، كە دەچن دەبینن نوستوە ، هەواڵی بۆ بە جێدەهێڵن و دەڵێن ئێمە دوژمنی خۆمان لە خەودا ناكوژین.

بەكر تەلانی لە بیرەوەری خۆیدا دەڵێت هەڵۆ چەمچەماڵی پاش ئەوەی ناچار دەكرێت بێتەوە ناحكومەت و ببێتە جاش ڕۆژێكیان بۆسە دادەنێت، تەلانی بێئاگا دەكەوێتە بۆسەكەوە ، هەڵۆ دەڵێت كەس تەقە نەكات ئەوە مام بەكرەو پێشمەرگەیەكی ئازاو بە جەرگە ، من پێشمەرگەی ئازا ناكوژم ، دواتر هەواڵیشی بۆ دەنێرێت كە نەیكوشتوە.

كورد نەبكوژی نادیاریان هەیە نە پەلامار دەری نامەرد، مەگەر ئەوانەی دوژمن دەیانكات بە كرێگرتەی خۆی ، ئەوە تورك و عوسمانین بكوژی نادیارو بكەری نادیاریان هەیەو ئاپێ‌ موسا بەو تەمەنەوە ڕەشە كوژ دەكەن ، تەنانەت لەو سلێمانیە داری شێخ هەباس دەسوتێنن و ئاوی پیرمەنسور شێلو دەكەن ، ئەوان لە هەڵاتنیشدا دەستبەرداری كوشتن و بڕین نابن ، تەنانەت لە دارزەیتون و داربەڕوی چیاكانیش دەترسن.

داود ئۆغڵو بە تراكسۆتیشەوە لە سلێمانی بسوڕایەتەوە كەس لە گوڵ كاڵتری پێناوت ، چونكە كورد ڕێزی مرۆڤ دەگرن ، با ئەو مرۆڤە ئاوی فاشیزمیشی خوار دبێتەوە ، كاك قوباد كە كوڕی جەلال تاڵەبانیە، تاڵەبانیش بە شارە ئێستا بێنازەكەی سلێمانی دەگوت شارە حەیاتەكەو بۆ خۆیشی ئێستا جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەو براكەشی سەرۆكی حزبێكی گەورەی كوردستانەو جگە لەوەش مەكتەبی سیاسی حزبەكە و زۆربەی كارو چالاكی حزبەكە لە سلێمانیە، هەق نەبوو بەو جۆرە وێنەی سلێمانی بكێشێت.

فاروق قەرەداخی هاوگەشتی داود ئۆغڵو دەڵێت لە گەشتەكەی ناوشاردا هیچ شتێكی نەخوازراو ڕووینەدا ، كەچی دوای گەڕانەوەیان بۆ ئوتێل تاڵەبانی كوڕ پەیوەندی بە داود ئۆغڵوەوە دەكات و دەڵێت "دڵم خەریك بووە بوەستێ‌،نەبادا شتێكی نەخوازراو ڕووبدات كە زانیومە لە ناو بازاڕدان " ئەمە ئەگەر لە ڕویەكەوە خەمخۆری بێت بۆ ئەمانەتداری و پاراستنی میوانەكە، لە ڕویەكی ترەوە نیشاندانی سلێمانیە وەك شوێنێك بۆ ڕوداوی نەخوازراو ، لە كاتێكا لە ڕابردودا زۆربەی روداوە نەخوازراوەكان یان كوشت و بڕبوونە بە درۆنی توركی بەم ناوچەیە ، یان جاشی تورك كاسبكارو خەڵكی بە تەمەنی باكوری كوردستانی لە سلێمانی تیرۆر كردووە، ئەمە لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەش ساڵەها دژی كورد بە ڕێوە چووە .

لە سنوری سلێمانی لە ڕاپەڕیندا هەزاران ئەفسەرو سەربازی عێراقی دوای سێ‌ ساڵ لە ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە بەو پەڕی حورمەتەوە ناردرانەوە بۆ خواروی عێراق ، كەچی عێراق ژن و مناڵی كوردی دەكردە ژێر لمی بیابانەوە ، لەو توركیایە دەیان تێكۆشەرو سەرداری كورد دوای میوانداری لە لایەن توركەوە كوژراون ، جگە لە بكەری نادیار، ئەمە بۆ بەشەكانی دیكەش وایە، كورد میوان ناكوژن لەبەرئەوەی ئاكاریان هەیە ، با ئەو میوانەش داود ئۆغڵو بێت .