ئێرانی ئێستا، چاوی لە چیە؟ لە چ دۆخێکدا!
عوسمان گوڵپی
09/04/2025
253 جار خوێنراوەتەوە
ئێران مەبەستیەتی لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندیەکانی بەرەو ئاسایی بونەوە بەرێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا ئامانجیەتی فشارەکانی سەر ئێران بگەیەنێتە ئاستی هەڵکردنی ئاڵای سپی.
ئەمریکا هەموو ڕێگاکان فشار دەگرێتە بەر و تەواوی کارتەکانی خۆی ڕادەکێشێت بە بەئامانجگرتنی هەندێك شوێنیشەوە بەڵام دەست بۆ دروستکردنی جەنگێکی درێژخایەن نابات، چونکە ئامانجەکە فشار و هێنانە ژێر باری ئێرانە نەك گۆڕینی سیستمی حکومڕانی وڵاتەکە.
ئێران لەوە تێگەشتوە وەك چۆن خۆی بۆ دۆستەکانی دەستەوەستان بوو لە کەوتن و ئیبادەکردنیاندا ئاواش روسیاو دۆستەکانیتریش ناتوانن شتێکی ئەوتۆی بۆ بکەن لە ئاحاڵەتی هەڵگیرسانی جەنگدا، بە کورتی کەسیان (کوڕی خۆیان ناکەن بە قوربانی کچی خەڵکی) بۆیە لەم دۆخەدا ئێران بە ئامانجی رێککەوتن و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی دەچێتە سەر مێزی گفتووگۆ لەگەڵ ئەمریکا بە جۆرێك ئەوەی لە ڕابردوودا لە خاڵی هێزەوە ڕەدی دەکردەوە ئێستا لە خاڵی لاوازەوە قبوڵی دەکات چونکە دۆخی ئێستای ئێران لە ڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازیەوە زۆر لە ڕابردوو جیاوازترە
ئێرانی ئێستا لە ژێر کاریگەری جدی ئەو ئابڵوقەدایە کەلەسەریەتی و ئەمەش کۆمەڵگەی ئێرانی بە بەتەواوی هیلاککردوە، چونکە دابەزینی بەهای تمەن و گرانبونی شتومەک زۆر ناهاوسەنگە بەرامبەر بەو زیادکردنی مووچە و ڕێکارانەی حکومەتی ئێرانی لە چەندساڵی ڕابردوو گرتویەتیەبەر بۆ زاڵبون بەسەر گرفتە ئابوریەکانیدا
ئێرانی ئێستا لەبەردەم بەرەی مقاوەمەیەکی پەرتبوی لاوازی زیان لێکەوتوودایە بە جۆرێك کە وەك ڕابردوو هەیمەنەی سیاسی و سەربازی بەسەر چوار پایتەختدا نەماوە، دوو پایتەختی لەدەستداوە و لە دوانیتریاندا لاواز بوە و نایەوێ لەدەسەتیان بدات بۆیە بەم لاوازیە ڕازیە و نایەوێ ئەو سەرچاوە مرۆی و سەربازیەی هەیەتی لەدەستی بدات بەتایبەت لە عێراقدا.
لە ئێستادا ئێران بەدوای ئەوەوەیە کە هەموو لینک و پەیوەندیەکانی بخاتە کار بۆ گەشتن بە لێکتێگەشتن لەگەل ئەمریکا و ئەوانەی چاویان لەسەریەتی، لەکاتێکدا ئێران باش دەزانێت کە ناتونرێت لێکتێگەشتنی هاوسەنگ بێهێنێتە ئاراوە بەڵکو دەیەوێت خۆی لە تەسلیم بوون و هەڵکردنی ئاڵای سپی بپارێزێت، بۆ ئەمەش نەك چاوی لە رێککەوتنی هاوسەنگ نیە بەڵکو بە رێککەوتنی تاڕادەی لاسەنگیش ڕازیە.
|
هەموو وتارەکانی
عوسمان گوڵپی