‎ژنانی کورد مێژوویان گۆڕیی

شەم شەمەیی ساڵح 08/03/2025   1550 جار خوێنراوەتەوە

‎ژنان لەکوردستاندا لەمێژە لەدژی چەوساندنەوەو كلتورى پیاوسالاریی و هەڕەشە دەرەکییەکان خەباتیان کردووە، بەڵام كاتێك ئازایەتی و قاره‌مانێتییان  ناوبانگی جیهانی پەیداکرد، کە لە بەرەکانی پێشەوەى جه‌نگى دژی یەکێک لە دڕندەترین گروپە تیرۆریستییەکانی سەردەمی ئێمە، داعش، ده‌جه‌نگان، بە چەک و ئیرادەیەکی نەبەزێنراو بۆ بەرگری لە ماڵ و حاڵ و ئازادیی و و خاك و مافەکانیان، بوونە سیمبولی بەرخۆدان و دادپەروەریی، بەڵام بۆچی تەنها لە ڕۆژی جیهانی ژنان واته‌ هه‌شتى مارس ئاهەنگ دەگێڕن؟

‎ئەو ژنانەی داعشیان به‌زاند

‎کاتێک داعش خاكێكى زۆرى داگیركردو ئایدۆلۆژیاى تیرۆرو توندوتیژى و توندره‌وى بڵاوده‌كرده‌وه‌، ئەوە ژنانی کورد بوون بەهێزێکى وا بەرهەڵستیان کرد، کە پێشتر جیهان ئیراده‌و ئازایه‌تییه‌كى واى نەبینیبوو، ژنه‌ جه‌نگاوه‌ره‌كانى یەپەژە، شانبەشانی براکانیان لە یەپەگە و پێشمەرگە بۆ بەرگری لە گەلەکەیان چوونه‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى له‌خاك و نیشتمان، ئەوان تەنها جەنگاوەر نەبوون، بەڵکو جەنگاوەری ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و هەڵگری هیوابوون بۆ هەزاران ژنی چەوساوە.

‎لە شەڕەکانی کۆبانێ و شەنگال و رققەدا، شه‌ڕڤانانى یه‌په‌ژه‌، نیشانیاندا کە نەک تەنها دەتوانن وەک پیاوان بجەنگن، بەڵکو دەتوانن یەکێک لە ترسناکترین گروپە تیرۆریستییەکانی جیهانیش به‌ته‌واوى تێكبشكێنن، سەرکەوتنیان تەنها سەرکەوتنێكی سەربازیی نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنێکی ئایدۆلۆژیش بوو، سەلماندیان  ژنان دەتوانن  سەرکردایەتی بکەن و پێشه‌نگ بن و سەربکەون.

‎به‌هاى ئازادیی

تێکۆشانەکە باجێکی گرانی هەبوو، زۆرێک لەو پاڵەوانانە لە مەیدانی جەنگدا گیانیان به‌خشى و شه‌هیدبوون، زۆرینه‌شیان بریندار بوون، ماڵەکانیان لەدەستدا و ناچار بوون بە یادەوەری جەنگ لە ڕۆحیاندا بژین، ڕزگاربووەکان برینەکانیان هەڵدەگرن، هەم لە ڕووی جەستەیی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە، سەرەڕای ئەوەش، کۆڵیان نەداوە. ئەوان بەردەوامن لە خەبات لە پێناو مافەکانی ژنان، بۆ ئازادیی، بۆ خەڵکەکەیان.

‎بۆچی  تەنها یەک ڕۆژ قسەیان لەسەر دەکەین؟

‎لە ڕۆژی جیهانی ژناندا لە سەرانسەری جیهاندا پۆست و ڕێزلێنان لە ژنانی بەهێز دەبینین، بەڵام کاتێک مانگی ئازار تەواو دەبێت، زۆرێک لەو دەنگانە بێدەنگ دەبن، شەرمەزارییە ژنانی کورد تەنها شایەنی ڕۆژێکی ڕێزلێنان نین، بەڵکو شایەنی ئەوەن لە کتێبەکانی مێژوو، گفتوگۆ سیاسییەکان و لە دڵی ئێمەدا هەموو ڕۆژێک جێگەیان هەبێت.
‎تێکۆشانیان تەنها شەڕێکی ناوخۆیی نەبوو، ئەوان تەنیا بۆ کوردستان شەڕیان نەکردووە، بەڵکو شەڕیان بۆ هەموو ئەو ژنانە کردووە کە تا ئێستا له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا چەوساونەتەوە، خه‌باتى ئه‌وان بۆ هەموو ئەو کچانە بوو کە لە خوێندن بێبەش کراون، بۆ هەموو ئەوانەبوو کە رۆژێك پێیان وتراوە لە پیاوان لاوازترن.

‎نابێت خەباتیان لەبیر بکەین

‎ئەگەر جیهان بەڕاستی بایەخ بە مافەکانی ژنان، یەکسانی و ئازادیی دەدات، ئەوا دەبێت چیرۆکى ئه‌و قاره‌مانانه‌  بە زیندوویی بهێڵێتەوە، پێویستە باسی به‌هێزییان بکەین، چیرۆکه‌كانیان بگێڕینه‌وه‌، پشتیوانی لە خەباتی بەردەوامییان بکەین، شه‌ڕ بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى قوربانیدانه‌كانیان به‌فیڕۆ نه‌چێت. 

‎ژنانی کوردستان پێشتر هێزی خۆیان سەلماندووە، با ڕێز لە ژنانی کورد بگرین نەک تەنها بۆ ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستیان هێناوە، بەڵکو بۆ ئەو ئایندەیەی کە لە پێناویدا دەجەنگن، ئایندەیەک کە ژنانی کورد بتوانن بە ئازادیی و سەربەرزییەوە تیایدا بژین. ئێستا نۆرەی ئێمەیە بۆ ئەوەی نیشانی بدەین کە لەبیرمان ناچێت.

ڕۆژنامه نووسی کوردی سویدی