لەم ڕۆژانەدا هەستان بەم (پەتا کوشندە)یە کردووە؟!

پ.د. سەعید عەلی محەمەد 07/03/2025   402 جار خوێنراوەتەوە

ڕەمەزان خولێكی ڕاهێنانی چڕو بەهێزە بۆ ئەوەی مرۆڤە باوەڕدارەکان چاوێك بە خوو و ڕەفتارو نەریتەكانی ڕۆژانەیاندا بگێڕنەوە، هەروەها خولێكە بۆ ئەوەی باوەڕدارەكان پەرستشەكان و ڕادەی پابەندبوونە ڕۆحیەكانیان ڕێك بخەنەوە.

ڕەهەندی ڕۆحی ئەم مانگە پیرۆزە دەخوازێ ڕێژەی بەكارهێنان و زیادەڕۆیی تێیدا كەم بكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لەم ڕۆژانەدا بەدی دەكرێ تەواو پیچەوانەیە و، تاكەكان لەبری ئەوەی خۆیان بۆ دەمەزەردكردنەوەی باوەڕ و بەهێزكردنی زیاتری پەروەردەی ڕۆحیی ئامادە بكەن، لیستی خواردنەكان و زیادە ڕۆییەكان ڕیزو ئامادە دەكەن ، وەك ئەوەی لای ئەوان ڕەمەزان مانگێك بێت بۆ زیادەڕۆیی كردن و تێركردنی ئارەزووە جەستەییەكان ، نەك مانگی چڕكردنەوەی پەرستشەكان و شەحن كردنەوەی ڕۆحەكان! ڕاپۆرتەكان و توێژینەوە زانستییەكان دەڵێن : كۆمەڵگا موسڵمانەكان لە مانگی ڕەمەزاندا بە ڕێژەی %40 زیادەڕۆیی لە خواردن و خواردنەوەكانیان دەكەن بە بەراورد بە ڕۆژەكان و مانگەكانی پێش ڕەمەزان ، ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە لە هەندێ وڵاتی وەك میسرو مەغریب و جەزائیر و تونس ڕێژەی بەكارهێنان و زیادەڕۆیی كردن لە مانگی ڕەمەزاندا لە ڕێژەی %50ی كۆی گشتی بودجەی دەوڵەت نزیك دەبێتەوە! لە مانگی ڕەمەزاندا ئەم ڕێژەیە لەوانەیە بۆ ئێمە زۆر شۆك هێنەر نەبێت ، چونكە ئەوە ئێمەین ڕێگەمان بۆ ئەم حاڵەتە خۆشكردووە و ، ئەم دیمەنەمان بۆ خۆمان سازكردووە و لەگەڵیدا ڕاهاتووین و ، پێمانوایە دیاردەیەكی سروشتییە! بەڵام لەڕاستیدا دەبێ ئەم حاڵەتە شوكهێنەربێ بۆ بیركردنەوە و تێڕوانینمان و ، پێویستە پاڵمان پێوە بنێت جارێكی تر پێداچوونەوە بە خۆماندا بكەینەوە لە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم مانگە پیرۆزەدا.

كاریگەریی شارستانێتی ماددی لەسەر مانگی ڕەمەزان :

تای (زیادەڕۆیی كردن) بەرهەمێكە لە بەرهەمەكانی شارستانێتی ماددیی كە كۆمەڵگەكان بە گشتی بەرەو ملكەچ بوون بۆ ئارەزووی زیادەڕۆیی و خزمەتكردنی لە ڕادەبەدەری لاشە هاندەدات! بێ ئەوەی ئەو شارستانیەتە دان بە لایەنی ڕۆح دا بنێت و ، هیچ نرخ و ڕێزێك بۆ بەها ڕۆحیەكان دابنێت ، هەموو ئامانج و فەلسەفەیەكی مرۆڤ تەنها لە خزمەت جەستە و تێركردنی ئارەزووەكانی دا كورت كردوەتەوە!

بێگومان هەیمەنەكردنی شارستانێتی ماددی لە ڕۆژئاوا جەژنە ئاینییەكانی وەك جەژنی لەدایك بوون و سەری ساڵی كردۆتە دەرفەتێك بۆ (استهلاك) و زیادەڕۆیی كردنی زیاتر و هیچی تر! ئینجا لە ئەنجامی زاڵبوونی ئەم شارستانیەتە ماددییەدا ، هەروەها كاریگەرییەكانی بەسەر وڵاتانی ئیسلامیدا مانگی ڕەمەزان بە تام و ڕەنگی (زیادەڕۆیی) كردن ڕەنگ كراوە!

ڕەمەزان لەبەرئەوەی وەرزێكە و پەرستشێكە لەڕێی قەدەغە كردن و كۆت و بەندكردنی حەز و ئارەزووەكانی جەستەوە خزمەت بە ڕۆح دەكا پێچەوانەی جەوهەر و ناوەڕۆكی شارستانێتی ماددیی ڕۆژئاوایە! زاناو بیرمەندەكانیش لە سەلماندنی ئەم ڕاستییەدا دەڵێن : لە فەزای شارستانێتی ماددیی ڕۆژئاوادا كە باڵی بەسەر هەموو دنیادا كێشاوە رۆژووگرتن عیبادەت و پەرستشێكی نامۆ و شۆكهێنەرە ، چونكە ئەو شارستانیەتە تەنها باوەڕی بە جەستە هەیە و باوەڕی بە ڕۆح نیە ، باوەڕی بە ژیانی ئێستا هەیە و ، بایەخ و گرنگی بە ڕۆژی دوایی نادات ، هەربۆیە ئەم شارستانیەتە دژی پەرستشێكە حەزو ئارەزووەكان كۆت و بەند بكات ئەگەرچی بۆ كاتێكی كەمیش بێت ، هەروەها دژی پەرستشێكە جەستە ئەدەب بدات و ڕێكی بخاتەوە!

لەڕاستیدا تای (زیادەڕۆیی) كردن پێچەوانە و دژە لەگەڵ یەكێك لە ئامانج و حیكمەت و فەلسەفە سەرەكییەكانی ڕۆژووگرتن كە بریتیە لە : بیناكردن و گەشەپێكردن و دەمەزەرد كردنەوەی ڕۆح لەڕێی تینوكردن و برسی كردنی لاشەوە!

ئێمە دەبینین خەڵكی لە ڕەمەزاندا هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوە بەتام و بەچێژو گران بەهاكان لەسەر سفرەكانیان كۆدەكەنەوە بۆ ئەوەی لەكاتی بانگی ئێواران و شكاندنی ڕۆژووەكانیان هەڵپەی بۆ بكەن و لەسەری كۆببنەوە ، وەك ئەوەی ڕەمەزان مانگێك بێ بۆ ڕازاندنەوەی خوانەكان و تێركردنی زیاتری حەزو ئارەزووە دەرونییەكان و جەستەییەكان!

ئەڵبەت زیادەڕۆیی بەڕادەیەكە كە ڕێژەیەكی زۆری ئەو خواردنە ئامادەكراوانە دوای تێربوون لە دیمەنێكی زۆر ناشیریندا فڕی دەدرێنە نێو سەتڵی زبڵەكانەوە كە ئەمەش تەواو دژو پێچەوانەیە لەگەڵ سادەترین ماناو مەبەستەكانی عیبادەت و پەرستش كردن بەگشتی و پەرستشی ڕۆژووگرتن بە تایبەتی.

ئەوەشی زیاتر پاڵی بە تەشەنەكردن و زیادبوونی پەتای زیادەڕۆیی یەوە ناوە لە مانگی ڕەمەزاندا : چاولێگەریی و لاسایی كردنەوە و كێبەركێ كردنە لەنێو تاكەكاندا ، كە بەدەر لە حەزو ویست و ئیرادەی خۆیان كاریگەری لەسەر دەروونیان دروست كردووە ، واتە ئەو كەسە لە ئەنجامی لاسایی كردن و چاولێگەریدا هەوڵی پەیداكردن و وەدەستخستنی ئەوە دەدات كە دەرو دراوسێ و ئەوانی تر پەیدایان كردووە.

لێرەدا میدیا و ڕاگەیاندنەكانیش ڕۆڵی زۆر خراپ و نێگەتیڤ دەبینن لەبرەودان و ڕەواجدان بەم پەتا كوشندەیە ، ڕاگەیاندنەكان هانی هاوڵاتیان دەدەن هەوڵی كڕین و وەدەستخستنی خواردن و بەرهەم و شتومەكە جۆراوجۆرەكان بدەن ، بێ هیچ گوێدانە لایەنی كواڵێتی و تەندروستی و لەبەرچاوگرتنی توانای دارایی خێزانەكان ، میدیاكان لەڕێی سازدانی بەرنامە و پڕۆگرامە ڕەمەزانییەكانی تایبەت بە چۆنییەتی چێشت لێنان و هونەری ئامادەكردنی خواردن و ڕازاندنەوەی خوانەكان ئەو بیرۆكە لە دەماغ و هیزری مرۆڤەكاندا دەچەسپێنن كە ڕەمەزان مانگی خواردن و خواردنەوە و تێركردنی حەزەكانە.

ئیسلام چۆن ڕووبەڕووی (زیادەڕۆیی)كردن دەبێتەوە لە ڕەمەزان دا ؟

غەزالی دەڵێ : (مرۆڤ لە رەمەزاندا ئەگەر خواردنەكانی وەك خواردنەكانی پێش و دوای ڕەمەزان بوو ئەوا هیچ سوودێك لە ڕۆژووەكەی نابینێ)، باشە ئەگەر غەزالی ئەم زیادەڕۆییە ناپەسەندو ناعەقڵانیەی ئێستای ببینیایە کە لە خواردنەكاندا دەکرێ دەبوو چی بوتایە؟!!

ئەو دەڵێ: (فەلسەفە و ڕۆحی ڕۆژوو لاوازكردن و سستكردنی ئەو هێزو توانایانەیە كە شەیتان بەكاریان دێنێ بۆ گەڕاندنەوەی مرۆڤەكان بۆ تاوان و گوناح و خراپە، دەی ئەم سستكردن و لاوازكردنەش تەنها بە كەمكردنەوەی خواردنەكان دەبێ ، ئەو كەسە ئەوەی بەڕۆژدا دەیخوارد کاتێک بەڕۆژوو نەبوو ، ئێستاکە کە بەڕۆژووە كۆی دەكاتەوە بۆ لای ئەو خواردنەی بە شەودا دەیخوات ، كەواتە هیچ سوود و قازانجێكی لە ڕۆژووەكەی نەبینیوە ).

گومانی تێدا نییە ملكەچبوونی ڕۆژووەوانان بۆ شارستانێتی ماددی لە نازهەڵگرتن و تەقدیس كردنی جەستە لەڕێی كەڵەكە كردن و زیادكردنی خواردنەكانەوە لە مانگی ڕەمەزان، لادانە لە حەقیقەت و ئامانج و فەلسەفەی ڕۆژووگرتن ، هەروەها لەكەداركردن و شێواندنی هێما جوان و باڵاكانی ئەم مانگە پیرۆزەیە!

ئاشكرایە (زیادەڕۆیی كردن) پەروەردگار قەدەغەی كردووە، هەر لەو ئایەتەدا كە پەروەردگار فەرمانی بە خواردن و خواردنەوە كردووە ، زیادەڕۆیی كردنیش لە خواردن و خواردنەوەدا قەدەغە كردووە : (كلوا واشربوا ولا تسرفوا) ، ئەمەش ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی ئەوەی زیاتر لەو مانگەدا زیادەڕۆیی تێدا دەكرێ خواردن و خواردنەوەیە ، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا خووێكی ناشیرین و ناپەسەندە ، خۆئەگەر ئەو زیادەڕۆییە لە مانگی ڕەمەزاندا بێت ئەوا ناشیرینترو بێزراو ترە ، چونكە ڕەمەزان بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی خواردن و خواردنەوەیە نەك زیادكردنی ئەو ڕێژەیە!

خاڵێك كە زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە : پەروەردگار پێش ئەوەی زیادەڕۆیی كردن لە ئایەتەكەدا قەدەغە بكات لە برگەیەكی پێش ئەوەدا فەرمان بە بەخشینی ماڵ و سامان دەكات: (وآتوا حقە یوم حصاده ولاتسرفوا) كە ئەمە ئەو ئاماژەیەی لێ وەردەگیرێ كە ئەوەی مرۆڤەكان لەم مانگەدا خەساری دەدەن لەخواردن و خواردنەوەكان ئەگونجێ لەسەر حیساب و مافی هەژارو كەم دەرامەتەكان بێت ، ئەوانەی كە پێویستیان بە یارمەتی و هاوكاری كردن هەیە ، كەواتە تای زیادەڕۆیی كردن جۆرێكە لە جۆرەكانی ستەمی كۆمەڵایەتی كە چینێك لە چینەكانی كۆمەڵگە دەكاتە ئامانج ، بە دەربڕینێكی تر زیادەڕۆیی كردن دەبێت چەندە دیاردە و سیفەتێكی قەڵب و بێزراو بێت كاتێك لەنێو مافی هەژارەكان و لە مانگی ڕەمەزاندا ئەنجام بدرێ و پەیڕەو بكرێ! لە كاتێكدا داواكراوە ئەم مانگە مانگی هەست كردن بێت بە برسێتی و ئازارو نەهامەتییەكانی هەژارو كەم دەرامەتەكان.

لە كۆتایی ئەڵێم : لەم مانگە پیرۆزەدا بەرپرسیاریەتییەكی گەورە دەكەوێتە سەرئەستۆی كۆمەڵگە بە گشتی و ، بانگخوازو نووسەر و میدیا كارەكان بە تایبەتی كە ڕەمەزان ڕزگار بكەن لە ملكەچ بوون بۆ فەلسەفەی شارستانێتی ماددی ، ڕەمەزان ڕزگار بكەن لە پەتای زیادەڕۆیی كردن ، پەتایەك مەبەست و ماناو ئامانجەكانی ڕەمەزانی ناشیرین و لەكەدار كردووە ، با هەمووان لە هەوڵی ئەوەدا بین ڕۆشنبیرییەكی نوێ برەو پێ بدەین كە مرۆڤەكان لەسەر بەجێ هێنانی ئامانجەكانی ڕۆژووگرتن پەروەردە بكات.. ئەویش بە كەمكردنەوەی خواردنەكان نەك زۆر كردنیان ، با ڕۆشنبیرییەك بڵاوبكەینەوە كە ڕووبەڕووی نەریتی شێتانەی زیادەڕۆیی ببێتەوە.