دوو هەرێم؟!

عوسمان گوڵپی 07/11/2026   70 جار خوێنراوەتەوە

ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندان، بە جۆرێك ئەگەر دەرچەیەك نەدۆزرێتەوە دوور نیە بەرەو دابڕانی تەواوەتی هەولێر و سلێمانی هەنگاو هەڵگرێت، ئەمە وایکردوە کە لێرەو لەوێ باس لە دروستبونی هەرێمێکیتر بکرێت، لە کاتێکدا لە هیچ بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا هەرێمێکیتر دروستنابێت، واتە پرسی هەرێمێکیتر لە ئارادا نابێت بەڵکو ئەوەی هەیە قۆسنتەوەی ناکۆکیەکانە بۆ بەغدادێکی بەهێزتر، سروشتی ناکۆکی نێوخۆی بۆ لایەنە ناکۆکەکان بەهێز بوون نیە بەڵکو لاواز بوونە، ئێستا چۆن هەرێمێکی لاواز دەبێتە دوو هەرێم، ئەوەی هەیە قۆستنەوەی ئەم ناکۆکیەیە بۆ لاوازتر تا ئاستی نەمان.

لەکاتێکدا زۆربەی بڕیاربەدەستانی عێراق ئەم هەرێمەش بە زیاد دەزانن بۆ کورد چجای دروستکردنی هەرێمێکیتر، بۆیە قسەکردن لە سەر مافی بەهەرێمکردن و مادەی دەستوری، نە خوێندنەوەی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەیە، بۆ مەگەر چەند مادەی دەستوری پێشێلکراومان هەیە لە عێراقدا؟

هەموومان ئەوە دەزانین کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئەم هەرێمە وەك ئەمری واقع عێراق مامەڵەی لەگەڵ کرد، دەستوریش لە کاتی بەهێزی هەرێم و لاوازی عێراقدا نوسرایەوە، نەك عێراق وەك پرسێکی مرۆیی و سیاسی و ئیداری دڵخوازی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کردبێت، بۆیە وێڕای ئەوەی عێراق بە پێی دەستور فیدراڵیە و بە چەند مادەیەک ماف دراوە بە دروستبونی هەرێمی نوێ، بەڵام ئەمە نەك هەرێم تەنانەت سوننە و پارێزگای بەسرەو و هیچ گۆشەیەکی عێراق ناتوانێ سود لەو مادە دەستوریانە ببینێ مەگەر هاوکێشە سیاسیەکانی ناوچەکە گۆڕانکاریان تێدا ڕوو بدات، چونکە دۆخی ئێستای عێراق جیاوازە لەو دۆخەی دەستوری عێراقی تێدا نوسرا، ئێستا عێراق نەك بە دوای هەرێمێکیترەوە نیە بەڵکو بەدوای عێراقێکی یەکپارچەی مەرکەزی بێ هەرێمەوەیە.

بۆیە ئەگەر ئەم ناکۆکیە نێوخۆییە بەردەوام بێت ئەوا گرفتی داهاتووی حکومەتی هەولێر و بەغداد قوڵتر دەبێتەوە و ئەو کات ئەو دەنگانەی دژی هەرێمن لە بەغداد پرسی ئەوەی کە ئیتر نابێ بەغداد مامەڵەی هەرێم بکات لەگەڵ کورد دەوروژێنن، بە پاساوی ئەوەی پێکهاتەی ئێستای هەرێمی کوردستان گۆڕاوە، ئەوکات بۆ کورد کارتی دەستور و دادگا لە عێراقێکدا کە هەموو دامەزراوەکانی لە بەردەم دەستوەردانی نێوخۆیی و دەرەکیدان کارتێکی لاوازە، نەك بەهێز.

لە لایەکیترەوە بەردەوامی ئەم دابڕان و ناکۆکیە وادەکات لە بەغداد ئەمە بە فرسەت بزانرێت بۆ ئەوەی پرسی هەموار کردنەوەی دەستوری عێراق بە جدی بێتە سەر مێز، لەو کاتەشدا بەردەوامی ناکۆکیەکانی هەرێمی کوردستان لایەکیان دەخاتە سەنگەری هەموارەکە و لاکەیتریش دژ بە هەموار

بۆیە هەموو ئەو دەرگاکایانەی لە ئەنجامی قوڵبونەوە ئەم ناکۆکیانەوە دەکرێنەوە لە ڕووی پرسی نەتەوەیی و مافە دەستوریەکانەوە بۆ کورد دەرگای شەڕ دەبن نەك خێر.