لە پشت ستایشەکانی باراکەوە چی دەگوزەرێت؟

هەڤاڵ عارف 14/10/2026   334 جار خوێنراوەتەوە

(سەقامگیری بە میرات بۆ وڵاتان نامێنێتەوە، بەڵکو لەلایەن ئەو سەرکردانەوە بونیاد دەنرێت، کە ڕێگە سەختەکە هەڵدەبژێرن)

ئەمە دوایین دەربڕینی تۆم باراک، نێردەی ئەمریکایە بۆ کاروباری سوریا و عێراق، کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بڵاوی کردەوە.

بێگومان ئەم قسانە بەخششێکی دیپلۆماسی بێبەرامبەر نین و پەیامێکی سیاسی قوڵیان لەپشتەوەیە، بەتایبەت لەم قۆناغەدا، کە عێراق دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لەبەردەم هەڵبژاردە ئەمنیی و ئابوورییە سەختەکاندا وەستاوە، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە، ئەم پێداهەڵدانە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتەکەی زەیدی و واقیعی وڵاتەکەدا یەکدەگرێتەوە؟ باراک ستایشی کام سەقامگیری و کام ڕێگەی سەختی پێش سەرۆکوەزیران دەکات؟

ئەگەر ستایشەکانی باراک لە بەرامبەر کارنامەی نزیکەی پێنج مانگی ڕابردووی حکومەتدا هەڵبسەنگێنین، بەریەککەوتنێکی ئاشکرا لە نێوان ئەو دەربڕینانە و واقیعی ئابووری عێراقدا دەبینین، چونکە دیارترین بڕیاری ئەم کابینەیە تا ئێستا بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار و دابەزاندنی بەهای دینار بووە، کە ئەوەش بارگرانییەکی زیاتری خستووەتە سەر گیرفان و گوزەرانی هاوڵاتیان، بۆیە دەکرێت ئەم ستایشانە زیاتر بەو بڕیارە ئاووری و ئەمنییانەوە پەیوەست بکرێت، کە واشنتۆن چاوەڕوانە حکومەتی زەیدی لە قۆناغی داهاتوودا بیانگرێتەبەر.

چاوەڕوانی و داواکارییەکانی واشنتۆنیش لە حکومەتی بەغداد شاراوە نین و دوو ئاستی سەرەکی دەگرنەوە، لە ڕووی ئەمنی و سیاسییەوە، ئەمریکا چاوی لە کۆتاییهێنانە بە ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و سنووردارکردنی نفووزی ئێران لە هاوکێشەکاندا، لە ڕووی ئابووریشەوە، مەبەستییەتی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان فراوان بکرێن و پێگەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزە و ژێرخانە ستراتیژییەکانی عێراقدا جێگیرتر بکرێت، ئەگەرچی بەشێک لەم خواستانە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی عێراقیشدا یەکدەگرنەوە، بەڵام جێبەجێکردنیان لە واقیعێکی ئاڵۆزی وەک عێراقدا ئاسان نییە و ڕاستەوخۆ بەر هاوکێشە و هێزە باڵادەستەکانی ناوخۆ دەکەوێت.

لێرەدا دەردەکەوێت، ستایشەکانی باراک هەڵسەنگاندن نین بۆ کارنامەی حکومەتەکەی زەیدی، هێندەی پەیامێکن بۆ ئەو ئاراستەیەی واشنتۆن لە قۆناغی داهاتوودا لە بەغدادی دەوێت، بێ ئەوەی ڕوون بێت لە بەرامبەردا چی بە عێراق دەدات، ئەوەی دەبێتە  پرسیارە ئەوەیە، ئایا زەیدی لەژێر کاریگەریی ستایشەکانی باراکدا هەنگاو دەنێت، یان بەپێی واقیعی سیاسیی عێراق و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان مامەڵە لەگەڵ خواستەکانی واشنتۆندا دەکات؟ داهاتوویەکی نزیک ئەو گرێیەمان بۆ دەکاتەوە و پێمان دەڵێت ستایشەکانی باراک، هەنگاوەکانی زەیدی بە چ ئاقارێکدا دەبەن.

لەکۆتاییدا، سیاسەتیش تەنیا لەنێوان دو بژاردەی سپی و رەشـدا نییە، مەرج نییە هەر خواستێکی ئەمریکا بە زیانی عێراق تەواو ببێت، بەڵکو هونەری حکومەت لەوەدایە چۆن خاڵی هاوبەشی بەرژەوەندییەکان دەدۆزێتەوە و لە قازانجی ئابوری و ئاسایشی وڵاتدا بەکاریان دەهێنێت، سەرەنجام خودا بەخـێری بگێڕێت، ئەوە باراکە و ئەمیش عێراق.