لە سێیەمین ساڵڕۆژی تۆفانی ئەقسادا؛ خوێندنەوەیەک بۆ بەرەنجامە مەیدانییەکان
ئەبوبەکر کاروانی
08/10/2026
86 جار خوێنراوەتەوە
سێ ساڵ بەسەر «تۆفانی ئەقسا»دا تێپەڕیوە؛ کردەیەک کە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستە لەرزە و ڕەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جیهانیشدا هەبو. حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بو بە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دو قۆناغی مێژویی؛ قۆناغێک کە کۆتایی بە چارەسەرە مامناوەندەکان هێنا، کێشەی فەڵەستین-ئیسرائیل و تەنانەت کۆی بەرەی بەرەنگاری لە ناوچەکە و ملمڵانێی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئەو بەرەیەی، بەرەو قۆناغێکی نوێ برد.
بەڵام ئەگەر لە ئێستادا لە دوای ئەو ڕوداوە بڕوانین و هەوڵ بدەین ئەوەی ڕویداوە لە سۆنگەی بەرئەنجامەکانەوە بخوێنینەوە، دەتوانین هەندێک ئاماژەی گرنگ بدەین، هەرچەندە هێشتا زوە بۆ حوکمدانی کۆتایی.
پێش هەمو شتێک، کردەو پەلاماری حەوتی ئۆکتۆبر، لەگەڵ هەمو ئەو ئازایەتی ئەنجامدەرانی، هەڵقوڵاوی دۆخی نائومێدی بو؛ نائومێدی لە ناو ماڵی فەڵەستین، لە درێژەکێشانی ئابڵۆقە و کوشتن و برسیکردن، شکستی دنیای عەرەب و ئیسلام و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینە بۆ دۆزی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە نەهامەتییەکانی.
بەسەرنجدان لە هەل ومەرجەکان و سنورداریی بژاردەکان و بنبەستە سیاسییەکان، ئەو کردەیە زیاتر لەوەی هەوڵێک بێت بۆ گۆڕینی ڕێساکانی گەمەکەو تێکدانێکی پلەبەندیی هاوکێشەکانی هێز، بە کردەیەکی تۆڵەکردنەوەی خۆکوژی دەستەجەمعی دەچێت بۆ خوڵقاندنی دۆخێکی نوێ، بێ گوێدانە ئەوبەرەنجامانەی لێیدەکەوێتەوە؛ بەڵام ئەگەر تانوپۆی زانیارییە پەرشوبڵاوەکان کۆ بکەینەوە، دەگەینە ئەوەی سەنوار و هاوکارانی ویستویانە دۆخێک دروست بکەن هەموان شۆک بکات، ئیسرائیل بخەنە بەردەم واقیعێکی نوێوە، ناچاری بکەن دیلەکان ئازاد بکات و ئابڵۆقەی چەندین ساڵەی سەرکەرتەکە سوکبکات، کێشەش بۆپرۆسەی خێرای ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکەن.
هەندێک زانیاریش باس لەوە دەکەن کە حەماس، هەوڵی داوە لە ڕێگەی دزە پێکردنی زانیاریی لەسەر نیازی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل، حکومەتی ئەوڵاتە قەناعەت پێبهێنێت کە لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی هێرشەکە، دەست لە گەمارۆی سەر کەرتی غەزە هەڵبگرێت و دیلەکانیش ئازاد بکات. بەڵام ئیسرائیل نەک تەنها ئەمەی نەکرد، بەڵکو وەک دەرفەتێکی زێڕین بۆ پیادەکردنی ئەو تێز و پلانانەی پێشتر هەیببون، سەیری ڕوداوەکەی کردو قۆستیەوە.
نەتەنیاهۆ هێرشەکەی بە دەرفەتی تەمەنی خۆی بۆ پیادەکردنی ئەو پلانانە زانی، کە پێش چەندین ساڵ لەکتێبەکەی خۆیدا ڕەنگڕێژی و تیۆریزەی بۆ کردبون، تا لە کاتی گونجاودا بە شێوەیەکی بەهێزتر پیادەیان بکات. تەنها دوازدە کاتژمێر دوای ڕوداوەکە، نوسییم، ئیسرائیل هەوڵی لەناوبردنی هەل ومەرجی ژیان لەغەززەو وخاپورکردنی دەدات، جەنگەکەش بۆ ئاستی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی حەماس وبەرەی بەرەنگاری ئیسلامی بەسەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆی ناوچەکە فراوان دەکات. مەسەلەکەش هەربەو جۆرە دەرچو.
ئێستاش، کاتێک سەیری بەرئەنجامەکانی ئەو کپەلامارە دەکەین، لە هەندێک ڕوەوە دەتوانین بەم شێوەیە کورتەی بکەینەوە: کوژرانی دەیان هەزار کەس و برینداربونی دەیان هەزار کەسی تر، وێرانکردنی کەرتی غەزە ئاوارەکردنی ناوخۆیی دانیشتوانەکەی، کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی کەرتەکە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، دروستبونی تراژیدیایەکی گەورە لە ڕوی ژیان و گوزەران و سەرچاوەکانی ژیان و تەندروستیەوە.
لە هەمان کاتدا، دەسەڵاتی حەماس لاواز بوە و بەشێکی زۆر لە تواناکانی لەدەست داوە. لە لوبنانیشدا جەنگ بەرەو لاوازکردن و لەناوبردنی بەشێکی گرنگ لە تواناکانی حیزبوڵڵا چوە. بە گشتی، جەنگەکە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە هێز و گروپەکانی ناو بەرەی بەرەنگاری و لە کۆتاییدا کەمکردنەوەی نفوزی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا، قۆناغ بە قۆناغ فراوانتر کراوەو تاکۆ ئێستاش بەردەوامە.
. لە هەمان کاتدا،ئیسرائی فشارێکی زۆریشی خستۆتە سەر کەناری خۆرئاوا، لەڕێی هەڵکوتانەسەری رۆژانەی خەڵکەکەی فراوانکردنی نیشتەجێبونە جولەکەکان و دەستبەسەرداگرتنی زەوی وزاری فەلەستینییەکان بەدوای شەڕفرۆشتنیشەوەیە بەدەسەڵاتی فەلەستین لەڕامەڵڵا بەمەبەستی کۆتایپێهێنان یاخود بەتەواوەتی لاوازکردنی و هاوشێوەکردنی چارەنوسی هەردو ناوچە فەلەستینییەکەو هەولدان بۆ پاکتاوکردنی مەسەلەی فەلەستین.
لە ئێستادا هیچ باسێکی ڕاستەقینە و جددی لە چارەسەری کێشەی فەڵەستین، چارەسەری دو دەوڵەت، ڕێککەوتنی کۆتایی و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە چوارچێوە کۆنەکەیدا نییە، کارتی خەبات وبەرهەڵستی چەکداریش لانی کەم لەم قۆناغەو لەسایەی هەل ومەرجە دژوارەکانی ئێستاو ئاکامەکانی تۆفانی ئەقسادا، بەتەواوی لاوازبوە.
لەلایەکی ترەوە حەوتی ئۆکتۆبر بە تەواوی ئامانجە پێشینەکانی فەلەستینییەکانی گۆڕیوە. ئیدی لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی بوە بەوەی، یارمەتییەکان لە خەڵکی غەزە نەبڕدرێن، وێرانییەکان چاک بکرێنەوە، ئیسرائیل پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت و لە کەرتی غەزە بکێشێتەوە. هەروەها گەلی فەڵەستین، لە غەزە و تەنانەت لە قودس و کەناری خۆرئاواشدا، بە هەر نرخێک بوە دەست بە خاک و نیشتیمانی خۆیەوە بگرێت و ملکەچی نەخشەی ئیسرائیل بۆ پاکتاوکردنی مەسەلەکەی و کۆچپێکردنی لەخاکەکەی نەبێت.لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە سەرکردە و کادرە سەربازییەکانی حەماس دەکوژرێن و خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی، بەبێ ئەوەی بتوانن کاردانەوەیەکی کاریگەر لە بەرامبەردا نیشان بدەن.
بەڵام لەبەرامبەریشەوە، ئیسرائیل لە ئاستی ڕای گشتی جیهانیدا سیما وناوبانگی شێواوە، گوتارو گێڕانەوە مێژوییەکەی کەئیسرائیلی لەسەر بنیات نراوە ، چۆتە ژێر پرسیاری جددییەوە . لەبەرئەوەی سوپای ئیسرائیل تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی جینۆساید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وەک تاوانباری جەنگ لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواکراوە. وێنای خۆرئاواش، وەک مەڵبەندی بانگەشە بۆ ڕۆشنگەری و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی، تا ڕادەیەکی زۆر دوچاری شێوان هاتوە.
بەڵام ئەوەی لەروی ناوبانگ ومسداقییەتەوە بەسەر ئیسرائیل وخۆرئاوادا هاتوە، پێناچێت کاریگەری زۆری بۆسەر چارەنوسی فەلەستینییەکان لەئێستادا هەبێت، چونکە هاوکاتە لەگەڵ زۆرتر پەراوێزکەوتن وپاشەکشەی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان ویاسای گشتی نێو دەوڵەتی و لاوازبونی ڕۆڵی بەها گەردونییەکان و دیموکراسی ومافەکانی مرۆڤ لە داڕشتن و بەرێوەبردنی سیاسەتی دەوڵەتاندا. قسەی یەکەم لەئاراستەکردنی سیاسەتەکان و جۆری چارەسەرەکاندا هی هێزو هەژمون و سات وسەودای بەرژەوەندیخوازانەی ڕیالیستانەی توندرەوە.
بە کورتی، ئەگەر سەیری کۆی دیمەنەکە بکەین، تا ئەم ساتە و لە ڕوی مەیدانی وسەربازییەوە، قۆناغی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر زیاتر بە قازانجی باڵادەستیی ئیسرائیل ولاوازکردنی دوژمنەکانی کەوتۆتەوە.
بۆیە، ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ ئەمریکا بتوانێت جەنگی ئێران بە قازانجی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەشێکی زۆر لە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەگۆڕێت و سەردەمێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان و هێزە ناوچەییەکان دەست پێدەکات.
بەڵام، سەرەڕای هەمو ئەمانە، تا کۆتایی هاتنی ئەم جەنگ و ململانێیە، ناتوانین حوکمێکی کۆتایی بەسەر کۆتا ئاکامی دەرکەوتەکانی حەوتی ئۆکتۆبردا بدەین. ڕوداوێک کە مەسەلەی فەڵەستین و حەماس و ئیخوانالمسلمین، کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانی و بە گشتی کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستوەتە بەردەم چارەنوسێکی نادیارەوە.
|