دو سەدەکەی ئاپۆ
لەتیف فاتیح فەرەج
03/03/2025
212 جار خوێنراوەتەوە
پەیامەکەی ئاپۆ هەڵوەستەیەکی کورتی لەسەر دووسەدەی کۆمار کرد، ئەو باسی سەت ساڵی ڕابردوو، هەروەها سەت ساڵی ئایندەی کرد، ئەو هەڵوەستەیە ڕاستی ئەو قسەیە دەسەلمێنێت، ئەگەر مێژو دوێنێ و ئێستا بێت لەڕابردودا، ئەوا مێژوو ئەمڕۆ داهاتوشە، مێژوی داهاتو بۆ مرۆڤ بیر کردنەوەیە لەئایندە، پلان دانانە بۆساڵانی داهاتوو، ئەمە بابەتێکی گرنگە ، دەی کەمرۆڤ دەتوانێ باس لەملیار ساڵ پێش ئێستا بکات، دەکرێ باسی سەت ساڵی ئایندەش بکات، لەو ڕوانگەیەوە، ئاپۆ بۆ یەک چرکە بیرلەخۆی ژیانی خۆی بەرژەوەندی خۆی دەرچونی خۆێ لەزیندان ناکاتەوەو خەمی گشتیەتی بۆیە دەیەوێت سەدەی ڕابردوو بیری ئەوانی تر بخاتەوەو پلانیش بۆ سەدەی داهاتو یان سەت ساڵی داهاتوو دابنێت، ئەو زۆر باش دەزانێ دەیەوێت چی بڵێت، زۆر باشیش دادگای سەت ساڵی ڕابردوو دەکات، ئەمە بۆ مرۆڤێک کە بیست و شەش ساڵە کار لەسەر هەلاهەلا کردنی دەکرێت، پەڕجوە، کەم مرۆڤ بەرگەی ئەو سەفەرە دۆزەخیەی دەوڵەتی تورکیا دەگرن، کەچی ئاپۆ دوای بیست و شەش ساڵی زیندان نەک هەر سەرانی تورکیا بگرە سەرانی دنیا ناچار دەکات گولی لێبگرن.
ئاپۆ بەم مانایە پێناسەی دووسەت ساڵەکەی کرد من هەوڵم داوە چڕو کورتی بکەمەوە سەتەی نکوڵی و کوشتن و بێشوناسی سەتەی پێکەوە ژیان و دیموکراسی باشە سەت ساڵ لەنکوڵی کردن ، لێسەندنی ناسنامە، کوشت و بڕ چی لێ بەرهەم هات، ئاپۆ لەپەیامێکی کورتا ناچاری ئەوی تر دەکات ئاوڕ لەوسەت ساڵە بداتەوە، ئەمە بەهۆشهێنانەوەی نەتەوەگەری ئەوی تر نەبینە، خۆ ئاپۆ نایە شانامە بنوسێت، ئەو دێت دەڵێت بێزەحمەت سەیرێکی سەت ساڵی ڕابردوو بکەن، سەت ساڵ لەخوێن و ئازار، دواتریش دەڵێت باسەت ساڵی داهاتو ئەم دیرۆکەی سەدەی پێشوو ئاوەژوو بکەینەوە، ئەو بەناو کەس تاوانبار ناکات، بەڵام دەڵێت دەکرێ خۆتان لەبری خۆتان بیر بکەنەوەو بڕیار بدەن.
ئاپۆ بەرپرسیارەتی ئەم قۆناغی گوێزەرەوەیە دەگرێتە ئەستۆ، وەک ئەوەی بیەوێ بڵێت فەرمو سەیری سەت ساڵی دوێنێ بکەن و بیر لەسەت ساڵی سبەی بکەنەوە، ئایە هەموو ئەوانەی گوێ دەدەنە پەیامەکەی ئاپۆ لەقەندیل، لەناوخۆی تورکیا، هەروەها لەکوردستان و تەواوی دونیا، دەتوانن بەرگەی ئەو وەرچەرخانە بگرن، دەتوانن لەگەڵیدا تەباو گونجا بێنەوەو بەگژ سەت ساڵ لەدرۆی زل و بەهەشتی درۆزنانەدا بچنەوەو بەمناڵەکان بڵێندەکرێ یەکترتان خۆش بوێت، ئەمە زیاتر بۆ تورک، نەتەوەی تورک، ئاخر دەبێت سەرانی تورک بە مناڵەکانی خۆیان بڵێن، ئەوەڕاست نەبووکە ئێمە مناڵی کوردمان وەک دوژمنی ئێوە وێنا کرد، هەروەها بەکەس و کاری سەربازە کوژراوەکانیش بڵێن ئێمە مناڵەکانی ئێوەمان فریودا، ئاپۆ دەیەوێت گەریلاو سەرباز ئیتر بەهاندانی کەس یەکتر نەکوژن، ئەو دەڵێت کفرە لەسەت ساڵی ئایندەدا دێرسیم و ڕۆبۆسکێ و هەزاران برینی سەت ساڵی ڕابردوو هەبن، ئەمە ئەرکێکی قوڕسە، یەکجار قورس، لێ مەحاڵ نیە.
|
هەموو وتارەکانی
لەتیف فاتیح فەرەج