حکومەتی عێراق توانای ئەم کارەی نیە !
عوسمان گوڵپی
02/09/2026
203 جار خوێنراوەتەوە
(علی زەیدی بە دوای دەرچەی خۆ دەربازکردندا)
وادەی تەسلیمکردنی چەکی گروپەکانی حەشدی شەعبی نزیك دەبێتەوە، ئەم پرسە پرسێکی زۆر جدی و چارەنوسسازە، وە عێراق لە ئێستادا توانای جێ بەجێکردنی ئەو بانگەشەیەی نیە کە خواستی ئەمریکاییەکانیشی کەگەڵدایە بۆ چەککردنی گروپە شیعیەکانی سەر بە ئێرانە.
گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی قسەی کۆتایی خۆیان کردوە، چەك تەسلیم ناکەن، نوقتە سەری دێڕ
ئێستا دوو ڕێگای لە بەردەستە:
یان دەبێت دەرچەیەک بدۆزێتەوە بۆ خۆ دەربازکردن لەو چەککردنە بە جۆرێك کە گروپە چەکدارەکان پێی ڕازیبن، یان دەبێت ڕوو بە ڕوویان ببێتەوە
واتە ئیختیارەکە چەکدانانی تێدا نیە، لە بەر ئەوەی گروپەکانی حەشد خۆیان بە بەهێزتر لە توانای سەربازی عێراق دەزانن، وە پێیان وایە حکومەتی عێراق توانای ڕوو بەڕوو بونەوەی حەشدی نیە.
بۆیە ئەو گروپانەی کە ماون لە حەشدی شەعبی و ئامادەی پابەندیان نیە بە تەسلیمکردنی چەکەکانیان، دوا قسەی خۆیان کردوە و ئەوان تەنها وەك پرسێکی ئەمنی تەماشای ناکەن بەڵکو پرسێکی مەزهەبی لێیدەڕوانن و ڕاستەوخۆش پرسی بەهێزی و لاوازیان بۆ داهاتوو بەستراوەتەوە بە پرسی ئێرانەوە.
ئەوەی ماوەتەوە لەم ماوەیەدا کە ماوە ئەوەیە کە علی زەیدی خەمی خۆی بخوات. لە نێوان خواستی ئەمریکا و ئەو بانگەشەیەی کردویەتی کە چەک تەنها لەدەست دەوڵەتابێت، سەرکەوتوو دەبێت یان نەخێر بە دۆزینەوەی دەرچەیەك کە لە ڕواڵەتا وا دەری دەخەن کە چەك دێتەوە لای دەوڵەت بەڵام لە ڕاستیدا نەك ئەو گروپانەی حەشد چەك تەسلیم ناکەن بەڵکو فیشەکێکیش ناگێڕنەوە بۆ کۆگای حکومەت.
|