کورد وەک کەرەستەی پاکتاوی حیساباتی زلهێزەکان.
هەڤاڵ عارف
22/08/2026
1062 جار خوێنراوەتەوە
لە سەروبەندی هەڵکشانی گرژییە دیپلۆماسییەکانی ئێستای نێوان ئەنقەرەو تەلئەبیبدا، پرسی کورد جارێکی تر وەک ئامرازێکی جیۆپۆلەتیکی لە گوتاری سیاسیی ئیسرائیلدا دەردەکەوێتەوە، لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هێنانەوەی کورد وەک نموونەی قوربانی بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا، گۆڕانکارییەکی ستراتیژی نییە لە ڕوانگەی ئیسرائیل بۆ دۆزی کورد، بەڵکو بەکارهێنانی پێگەی کوردە وەک کارتی فشار لە ململانێی جەمسەرەکانی ناوچەکەدا، ئەم ڕووداوە دەرخەری ئەو واقیعە نەخوازاوە سیاسیەیە، کە چۆن لە ململانێی سەردەمی زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دۆسیەی کورد وەک چەکێکی دیپلۆماسی و میدیایی بۆ لێدان و یەکلاکردنەوەی حیساباتی سیاسیی نێوان وڵاتان بەکاردەهێنرێت، بێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەکی کرداری بۆ پاڵپشتیکردنی مافەکانی ئەو نەتەوەیە لەخۆبگرێت.
ئەم لێدوانانەی ئێستا، پەردە لەسەر دووفاقی ئەخلاقی و پراگماتیزمی ڕووتی زلهێزەکان بەرامبەر نەتەوە بێدەوڵەتەکان هەڵدەماڵێت و دانپێدانانێکی ئاشکرایە بەو ڕاستییەی، کە لە قۆناغی جێگیریی پەیوەندییەکاندا گەورەترین پێشێلکاریی سیستماتیک پەردەپۆش دەکرێت، بەڵام کە بەرژەوەندییەکان بەریەککەوتن، هەمان ئەو تراژیدیایانە وەک کەرەستەیەکی دیپلۆماسی بۆ پاکتاوکردنی حیساباتی سیاسی وەگەڕدەخرێن.
بۆیە نابێت کورد بە هیچ شێوەیەک نە لە ئێستاو نە لە داهاتووشدا بکەوێتە داوی عاتیفەی ئەم جۆرە لێدوانانەوە، ئەم گوتارە سیاسییانە نوێ نین و پێشتریش چەندین جار لە زاری کارەکتەرە جیاوازەکانی وڵاتانی دیکەوە بیستراون، وەک نموونەیەکی زیندوو، لە ململانێ ناوخۆییەکانی تورکیادا هەر کاتێک پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا، یان پارتە سەرەکییەکانی دیکەی وەک جەهەپە و مەهەپە کەوتبێتنە ژێر فشاری قورسی سیاسی و قەیرانە ناوخۆییەکانیان ئاڵۆزتر بووبێت، ڕاستەوخۆ پەنایان بردووەتە بەر بەکارهێنانی دۆزی کورد وەک پێکهاتەیەکی قوربانی، تەنها بۆ لێدان لە نەیارەکانیان و دەربازبوون لە گێژاوی ناوخۆیی، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە کێشەی کورد لە عەقڵیەتی ئەو هێزانەدا، لە کەرەستەیەکی کاتی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان تێناپەڕێت.
ئەم جۆرە ئیدیعایانە لە بنەڕەتدا بەتاڵن لە هەڵوێستی ڕاستەقینە و ناتوانرێت هیچ جۆرە ئومێدێکیان لەسەر بینا بکرێت، چونکە نەک هەر هیچ قازانجێک ناخەنە گیرفانی دۆزی کوردەوە، بگرە لە زۆر کاتدا باجەکەی قورستربووە و بە زیانی زیاتر شکاوەتەوە، لە هەقیقەتیشدا لە هیچ قۆناغێکدا، نە ئیسرائیل و نە هیچ وڵاتێکی زلهێزی دیکە، پشتیوانی ڕاستەقینەی دۆزی کورد نەبوونە، بەڵکو بەپێچەوانەوە زۆرجار لەسەر مێزی دانوستانەکان سەروسەودایان بەم پرسەوە کردووە و بەرژەوەندییەکانی خۆیان پێ یەکلاییکردووەتەوە.
لەبەردەم ئەم هاوکێشە ئاڵۆزانەشدا، ئەوەی بۆ کورد چارەنووسسازە، پشت نەبەستنە بە سۆزی سیاسی چەواشەکارانە و لێدوانی دیپلۆماسی وڵاتانی دەرەکی و ناوچەکە، بژاردەی دروست تاوەکو قەوارەی هەرێم بتوانێت بەرگەی گێژاوی ململانێ و پەرەسەندنە میحوەرییەکانی ئێستا بگرێت، رەخساندنی فەزای یەکدەنگی ناوخۆیی و تێپەڕاندنی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئێستایە ، کاراکردنەوەی خێرای پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزە، کە خواستی لایەنە سەرەکییەکانی تێدا رەنگبداتەوە، نەک لێدوانی ئەم و ئەو، سەرئەنجام هەر جۆرە پشتبەستنێک بەم جۆرە، لێدوانانە یان هێز و هەنگاوی وڵاتانی دیکە بۆ سەلماندنی پێگەی کورد، هەڵەیەکی ستراتیژییە و دمانباتە سەر ئەو پەندەی، کە دەڵێت ئەگەر چاوەڕوانی کاسە دراوسێ بین ئەوا بەبێ شێو سەردەنێینەوە.
|
هەموو وتارەکانی
هەڤاڵ عارف