نەریت بۆ ژن، ژانە

ڕەنگین مەلا سەمەد 27/07/2026   141 جار خوێنراوەتەوە

بۆ منێکی ژن دژی نەریتێک نەوەستم کە چەندین مافی لێ داگیرکردووم؟

نابێت کوێرانە نەریت پەیڕەو بکرێت بێ پرسیارکردن لە کۆت و بەندەکانی، نابێت دوای تەڵەیەک بکەوین کە لەڕووە مەعریفییەکەوە قەتیسمان ئەکات، نەریت بۆ منێکی ژن داتاشراوە؟ یان ڕەگەزی بەرامبەریش دەگرێتەوە؟ 

نەریت پاساوه بۆ پەیڕەوکردنی ڕابردوویەکی تاڵ ؟ یان کوشتنی داهێنان و نوێگەرییە؟ 

ژن هەمووکات قوبانیی نەریت و عورف و عاداتەکان بووە، بەبیانووی وشەی (عەیبە) هەموو زانست و جوانییەکیان لە باڵای داماڵیوەو نووقمی حەسرەتێکی بێکۆتایان کردووە، نەیانهێشتووە چاوی ببڕێتە ئاسۆیەکی ڕوون، هەمیشە چاویان بۆ دواوە ڕاهێناوە، نادادپەروەری و پێشێلکردنی مافەکانیان کردووەتە ئامانجێکی بەردەوام بۆ سەرکوتکردن و گرێیەکی ئاڵۆزی دەروونیی، بەو جۆرەی، ژن هەمیشە خۆی پێ کەمبێ و چاو لەدەست و چاوەڕوانبێ بۆ پێدانی میهرێکی پڕ لە بەرژەوەندیی.

ئەم جۆرە ڕادەستبوونەی تاک بە عورف و عاداتەوە گەمژەییە، نابێت مرۆڤ کوێرانە ڕێگا بگرێتە بەر، تەوێڵی پڕ لە هیوای بە نەزانیی، بپۆشێ پێویستمان بە هۆشیاریی و بوێرییە بۆ ڕاماڵینی تۆزی سەر نەریتە لەقاڵبدراوەکان، عەقڵ و لۆژیک پێویستیان بە خستنەکارە بۆ بەرپاکردنی شۆڕش دژی نەریتە کوێرو کەڕەکان.

مرۆڤی ژیر هەم ڕێز لە عورفێک دەگرێت کە لەڕابردوودا باو و باپیرانی پەیڕەویانکردووە، هەم بەهاو پێوانە بۆ هەڵسەنگاندنی عورفە لەقاڵدراوەکان دادەنێت و، ناهێڵێت عەقڵ تووشی پەککەوتن بێ و پاشکۆیی هەڵبژێرێ.

بۆ دەربازبوون لە نەریت و پەیڕەوکردنی لە کۆمەڵگا، پێویستمان بەم دەستەواژانە دەبێت، من هەم، تۆ هەیت، ئەو هەیە، ئێمە هەین، بیردەکەینەوە، بڕیاردەدەین، جیاواز دەڵێن و جیاواز بیر دەکەینەوە، یەکدی بە جیاوازییەکانەوە قبووڵ دەکەین، ئەمەیە فریادڕەسی ئەو دەردە کوشندەیەی کە دەمێکە زۆربەمانی گەمژە کردووەو، ناشتوانین لێی دەربازبین.