نوێنەرایەتیکردنێکی ئەخلاقیی هەڵەبجەییەکان بۆ میللەتەکەیان

ئەبوبەکر کاروانی 23/06/2026   77 جار خوێنراوەتەوە

کەوتنە نێو ئاوی کیژۆڵەیەکی دوازدە ساڵانەی گەشتیاری کەربەلایی و کارلێک و بە هاناوەچونی  بی وێنەی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان بەدەم روداوەکەوە، هەر لە ساتی  ڕودانییەوە تا نوێژ لە سەرکردن و بەڕێکردنی تەرمەکەی، نمونەیەکی گەورەی ئەخلاقی ئیسلامی و ئینسانی بو. ئەگەر کاتی خۆی  هەڵەبجە لە نائومێددترین ساتەکانی کوردی باشورو شۆڕشە چەکدارییەکەیدا، بەخوێن وئاهو ناڵەو جەرگی سوتاوی رۆڵەکانی، بوبێتە ناسنامەی نەتەوەکەی و نیشاندانی مەرگەساتی واقیعی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت لەدۆخی جینۆسایدکردندا، ئەوا ئەمجارەش  بەجۆرێکیتر نوێنەرایەتیەکی ئەخلاقیی کوردی کردەوە، کەبە شێوەیەك لەشێوەکان دەچێتە چوارچێوەی دیبلۆماسییەتی میللییەوە وئاماژەی گرنگیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتوە، کە دەکرێت لەساتەوەختێکی هەستیاردا وەبەرهێنانی سیاسی بەرچاوی تێدا بکرێت.  بۆیە وێڕای ستایش و ڕێزی گەورەمان بۆم هەڵوێستەگەورەیە، هەقوایە  لەلایەن کەناڵ و سایتە عەرەبییە کوردییەکان وبەزمانەکانی تریش  ئیشێکی چەندرۆژەی ئامانجداری لەسەر بکرێت وهەروا بەسانایی بەرێ نەکرێت،  لەداهاتوشدا بکرێتە بابەتی فلیمێکی دیکۆمێنتاری. 

لەلایەکیترەوە گرنگە سەرنج بۆ ئەوە ڕابکێشین،  کە کورد هەرلەسەلاحەددینی مەزنەوە بگرە تادیمەنی ڕاپەرین و گێڕانەوەی دەیان هەزار سەربازی عێراقی بۆ باوەشی خێزانەکانیان و ئەم روداوەو چەندینیتر، سەلماندویەتی کە میللەتێکی  بەئەخلاق موسوڵمان و مرۆڤ دۆست ولێبوردەیە، هەروەها نەتەوایەتی کوردیی نەتەوایەتیەکی مافخوازەو دورە لە شۆفێنیەت ودەمارگیری کوێرانەو توندرەوییەوە، بەڵام تاکوئێستا لەسۆنگەی هۆکاری جۆراوجۆرەوە ،  لەهەندێ وێستگەی کەم و دابڕاودا نەبێت نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست ، هەمان ئەخلاق وبەهاو ڕوحییەت بێنێتە ناوماڵەکەی خۆی وگیانی هاوچارەنوسی وبرایەتیەکی قوڵ لەنێوان هێزو پێکهاتەو ناسنامە لاوەکییەکانی ناویدا دروست بکات! کەپێویستیی وپێشمەرجی هەرناسیۆنالیزمێکی ئاسایی وخۆپێناسەکردنێکی نەتەوەیی هاوچەرخە. بۆیە هێندەی لەگەڵ ئەوانیدی میهرەبانیین رەنگە بەرامبەر بەخۆمان بەوجۆرە نەبین! دۆخی ئێستای هەرێم وهاوکاتی ئەم دیمەنە جوانەش، کەسیخناخە لەناکۆکی وهەوڵی یەکترشکاندن هەندێکجاریش بەکارهێنانی  زمانێکی نزم لەگەڵ یەکتردا،  باشترین بەڵگەیە.

 بۆیە وێڕای نرخاندنی ئەم هەڵوێستە جوانەی هەڵەبجەییەکان بەهەورامانیشەوە، سەرنج رادەکێشین بۆ بایەخی گەورەی زۆرترکردنی ئەم جۆرە  رەفتارە رەمزییە گرنگانە لەنێوان شارو ناوچەو زارەکانی باشورو پارچەکانی کوردستانیشدا، بۆئەوەی مزگەوت وکۆمەلگەی مەدەنی وئیدارەی خۆجێی  بەشێ لەوبۆشاییانە پڕبکەنەوە کەسیاسەتی نادروست وخوار نیشتیمانیی دروستی دەکات و نەهێڵن بەهیچ ناوێکەوە بەربەست لەنێوان رۆڵەکانی  یەک نەتەوەدا دروست ببێت، بیسەلمێنن سەبارەت بە باشور ،دان بە زۆنی حیزبییدا نانێن و لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستانیشدا بیخەنە رو کەبەهەر شتێك بەمان بکرێت، دو دو ناکاتە چوار، دەکاتە یەك.

هەموو وتارەکانی ئەبوبەکر کاروانی